3ی ئاب
10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی كوردانی ئێزدییدا تێدەپەڕێت

پیاوێكی بەتەمەنی ئێزدی لە شەنگال -2015

دە ساڵ بەسەر هێرشی چەكدارانی داعش بۆسەر قەزای شەنگال و دەوروبەری تێپەڕدەبێت، لەو رووداوەی هاوڵاتییانی ئێزدی خرانە بەردەم چارەنووسی كوشتن و رفاندن، یان هەڵهاتندا.

بەرەبەیانی زووی 3ی ئابی 2014 هێرشی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بۆسەر شەنگال و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری دەستپێكرد، لەماوەیەكی كەمدا بەشێكی بەرچاوی سنوورەكە بە دانیشتوانەكانیانەوە كەوتە دەست چەكدارانی گروپەكە.

لە رۆژانی دواتردا پڕۆسەیەكی بەرفراوان و بەرنامەبۆداڕێژراو دژ بە گەلی ئێزدی دەستیپێكرد، بەهۆیەوە زیاتر لە 10 هەزار ئێزدی شەهید و بێسەروشوێن بوون، 360 هەزار كەس ئاوارەبوون، چەندان گوند و پەرستگای ئێزدییەكان وێرانكران، پیاوان بەكۆمەڵ كوژران و ژێرخاك نران، كچ و ژنانی گەنج-یش وەك سەبایا و كەنیزەك رەوانەی موسڵ و رەققە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەناو خەلافەت كران.

ئەو هاوڵاتییانەی توانییان هەڵبێن، بەشێكی زۆریان پەنایان بردەبەر چیای شەنگال و بۆ ماوەی چەندین رۆژ بێ نان و ئاو مانەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكیان لە برسێتی و تینوێتیدا گیانیان لەدەستدا.

ئێزدییەكان خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە شەنگال و دەڤەری شێخان دەژین، ھەروەھا لە بۆتان و دەربێسیە و باکووری پارێزگای حەسەکە و عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکووری رۆژھەڵاتی تورکیادا دەژین، جیاوازیی ئاینەكەیان بیانوویەكی گەورەبوو بۆ هێرشە دڕندانەكەی سەریان و هەوڵدان بۆ پاكتاوكردنیان.

جینۆساید
لە ئابی 2019، پەرلەمانی کوردستان لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا رۆژی 3ی ئابی وەک رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دیاریکرد.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڤیستیڤاڵێکی کلتوری بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی و کۆریای باشوور بەڕێوەدەچێت

ستافێکی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵێکی کلتوری سەردانی کۆریای باشووریان کرد و سبەینێ ڤیستیڤاڵێکی…
Total
0
Share