قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە

جێگری سەرۆك وەزیران لە دیداری باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق رایدەگەیەنێت، پەرەپێدانی بزنسە بچوکەکان کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتیی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر و کارسازی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران روئیا و پلانی خۆی بۆ تواناسازی گەنجان روونکردەوە و ئاماژەی بە پڕۆژەی “فاوندەیشن هەب” کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە.

قوباد تاڵەبانی داوایکرد هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و کارسازی تەرخان بکرێت، چونکە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ گەشەسەندنی بزنسە بچوکەکانی گەنجان لە کوردستان.

وتیشی، “سەرکەوتنی پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و پەرەپێدانی بزنسە بچوکەکان لە بەرژەوەندیی یەکێتیی ئەوروپاشدایە بەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردەوە بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان و جەختیشی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاریکراوە.

بابەتی پێشتر

سعودیە و کوەیت بە شەمەندەفەر بەیەکەوە دەبەسترێنەوە

بابەتی دواتر

کۆمسیۆن دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ تیمەکانی چاودێری نێودەوڵەتی کردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share