وادەی بەكارهێنانی رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ لەلایەن تێسلاوە ئاشكرادەكرێت

ئیلۆن مەسك، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا رایگەیاند، كۆمپانیاكەی دەستدەكات بە “بەرهەمهێنانێكی كەم”ی رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ تا لە ساڵی داهاتوودا لەناوخۆ بەكاریبهێنێت.

مەسك لە تۆڕی ئێكس ئاماژەی بەوەشدا، كۆمپانیاكەی، كە تایبەتە بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، هیواخوازە تا ساڵی 2026 ئاستی بەرهەمهێنانی رۆبۆتەكان لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی دیكە بەرزبكاتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە نیسانی رابردوو مەسك رایگەیاند، رۆبۆتی تێسلا كە ناوی (ئۆپتیمۆس)ە، دەتوانێت لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەركەكانی لە كارگەكاندا جێبەجێ بكات و، ئامادەش دەبێت بۆ فرۆشتن لە كۆتایی ساڵی 2025دا.

هەردوو كۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی و بۆستن دینامیكس-ی سەر بە كۆمپانیای (هیوندا مۆتۆر) چەندین ساڵە رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤیان پەرەپێداوە.

كۆمپانیاكان دەیانەوێت رۆبۆتەكان بۆشایی كەمی دەستی كار و ئەنجامدانی ئەركە دووبارەكانیان بۆ پڕبكاتەوە، لەوانەش ئەو كارانەی كە مەترسیدارە یان بێزاركەرە، وەك خزمەتگوزاریی لۆجستی، ئەمباركردن و بەرهەمهێنان.

مەسك مێژووی هەیە لە شكسهێنان لە بەڵێنەكانیدا، بەڵام بەڵێنەكەی ئەمجارەی پشكەكانی تێسلا-ی بەنزیكەی 1% لە مامەڵەكاندا بەرزكردەوە.

بابەتی پێشتر

لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی تەمموز زانیاریی نوێ ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share