وەزیری دارایی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەفدێكی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “بەردەوام دەرگامان بۆ تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی كراوەبووە بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچە و داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیكرد لە وەفدێكی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەسەر كارەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی لە وەزارەت و دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا و وەزیری دارایی پشتیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بۆ كاری تیمە هاوبەشەكان دووپاتكردووەتەوە و رایگەیاند بەردەوام دەرگامان بۆ تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی كراوەبووە بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچە و داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان.
لای خۆشیانەوە وەفدی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتیان كرد لەپای ئەو هاوكاری و هەماهەنگییانەی بۆ سەرخستنی كارەكانیان ئەنجامیانداوە.