كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان هۆكاری زیادبوونی گەشتیاران بۆ سلێمانی ئاشكرادەكات

ژمارەی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی بەراورد بە شارەكانی دیكەی هەرێم زیادیكردووە و كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

مەحمود تۆفیق، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە جەژنی قوربان و رۆژانی پشووی دواتردا ژمارەیەكی بەرچاوی گەشتیاران روویان لە سلێمانی و ناوچە گەشتیارییەكانی دەوروبەری كرد، كە بە بەراورد بە جەژنی رەمەزانی پێشوو ژمارەكە زۆر زیاتر بوو.

وتیشی، “لە سلێمانی لە یەك كاتدا دەتوانین تا 25 هەزار كەس جێگەی حەوانە و خواردن و خواردەوەیان بۆ دابین بكەین”.

مەحمود تۆفیق هۆكارەكانی زیادبوونی گەشتیارانی خستەڕوو و ئاماژەیدا، بەهۆی رێكخراوەیی و جوانیی كەرتی گەشتیاری لە سلێمانی، مامەڵەی دروست لەگەڵ گەشتیاران، هاوكاتبوونی رۆژانی پشووی باشووری عێراق لەگەڵ پشووی هەرێم و هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ناوچەكانی عێراق.

سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان كەرتی گەشتیاری بەوە ناوبرد كە “كەرتێكی بێ دووكەڵە، هەموو كەسێك سوودی لێوەدەگرێت، لە پێش هەمووانیشەوە حكومەتی هەرێم” بەڵام رەخنەی ئەوەیگرت كە حكومەت پاڵپشتیی كەرتەكە ناكات و بەرنامەی نییە كە چۆن بە پاڵپشتیی كەرتی تایبەت كارێك بكرێت گەشتیار لە دەرەوە بهێنرێت و بناسێندرێت بە هەرێمی كوردستان تا دووبارە روو لە هەرێم بكەنەوە.

روونیشیكردەوە، لە ساڵی 2019دا “دیداری نێرگز”یان ئەنجامدا و تیایدا 67 گرێبەست واژووكرا، تائێستا ئەو گەشتیارانەی روو لە سلێمانی دەكەن ئەو گروپانەن كە لەو ساڵەدا گرێبەستیان لەگەڵ كراوە و وتی، “بۆ حكومەت دوو هەنگاوی لەو جۆرە نانێت، ساڵانە نوێنەرانی كەرتی گەشتیاری رەوانەی دەرەوەی وڵات بكات بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی لەو شێوەیە و راكێشانی گەشتیار بۆ شارەكانی هەرێم”.

لە 22ی حوزیرانی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی 14-20ی حوزەیران، 159 هەزار و 583 گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەریان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 90%ی گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گەشتەکانیان بۆ سلێمانی ئەنجامداوە، نزیکەی 10%ی میوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەی هەرێم لە رێگای بازگەکان و بەدووایدا دەروازەی سنووری و فڕۆکەخانە و روویانکردووەتە شارەکە.

سەبارەت بە داهاتی گەشتیاریی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشکرایکردووە، ئەگەر هەر گەشتیارێک بڕی 200 دۆلاری خەرجکردبێت، ئەوا داهاتی گەشتیاران لە بۆنەی جەژنی قوربانی ئەمساڵ نزیکەی 32 ملیۆن دۆلار بووە، بەسەر خاوەنکاران و کاسبکاران دابەش بووە.

ساڵی رابردوو و لە هەمان بۆنەدا 120 هەزار و 460 گەشتیار روویان لە سلێمانی کردبوو.

بابەتی پێشتر

پلاتفۆڕمێكی ئەلیكترۆنی بۆ خوێندكاران لە سلێمانی رادەگەیەندرێت

بابەتی دواتر

پۆلیسی راپەڕین: دوو تۆمەتبار کە ماوەیەک خۆیان شاردبووەوە دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دۆلار دابەزی

نرخی دراوە جیهانییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی کانونی یەکەم، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو نرخانەش دۆلاری ئەمریکی…
Total
0
Share