بەرگریی شارستانیی هەرێم: لە هەموو جێگەیەک مەلە مەکەن و ئەم رێنماییانە لەبەرچاوبگرن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم بڵاویکردەوە،لە کاتی گەشت و سەیران بۆ ئەو ناوچانەی ئاوی لێیە، لەپێناو سەلامەتی پێویستە هاوڵاتییان رەچاوی چەند خاڵێک بکەن و نابێت لە هەموو جێگەیەک مەلە بکەن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە رێنماییەکانی لە 10 خاڵدا کۆکردووەتەوە کە ئەمانەن:

١- مەلەکردن لەو شوێنانەی کە شارەزاییت لەسەریان نییە، زۆر مەترسیدارە.

٢- ئەو شوێنانەی تابلۆی قەدەغەی لێ دانراوە، گونجاونین بۆ مەلەکردن، چونکە لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پشکنینیان بۆ کراوە و مەترسیدارن.

٣-ئەگەر مەلە دەکەی، لەو شوێنانە مەلە بکە کە قەرەباڵغە و کەسی مەلەزان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لێیە، بۆ ئەوەی ئاگادارت بن لە هەر دۆخێکی لەناکاو.

٤-بەبێ هیچ ئامرازێکی خۆپاراستن، وەک هێلەک و چوپ و هتد مەلە مەکە.

٥- ئاوەکانی سنووری ناوچە شاخاوییەکان سارد و تیژڕەون، بۆ مەلەکردن گونجاو نین.

٦- ئاوی زێی گەورە، زێی بچووک، قووڵی و تەنکییان دیاریکراو نییە، بەهۆی کارکردنی کارگەکانی دەرهێنانی قوم و چەگل، ئاڕاستە و قووڵییان گۆڕدراوە، بۆیە وریا بن لە هەموو شوێنێک مەلە مەکەن.

٧- بە هیچ شێوەیەک بەنداوەکان بۆ مەلەکردن شیاو نین.

٨- یاریکردن و گاڵتەوگەپ لە ناو ئاو، دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی و ماندووبوون و شڵەژان.

٩- هیچ کات منداڵ لەگەڵ خۆت مەبە بۆ مەلەوانی، چونکە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

١٠ – لە هەر بارودۆخێک پێویستیت بە هاوکاری بوو، تکایە بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ بکەن، بۆ ئەوەی بەزووترین کات تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەهاناتەوە بێن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share