پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە ئەمڕۆ باوکی خۆی کوشت.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڕەکی کەنەکەوەی شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەچەقۆ باوکی خۆی کوشت، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.
دەشڵێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجە-وە دەستگیربکرێت.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 2005-ە، دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە، و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.