قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی WFP چارەسەری كێشەی خاشاكی سلێمانی تاوتوێدەكات

جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ وەفدێكی رێكخراوی WFP سەردانی ناوچەی تانجەرۆ دەكەن و تاوتوێی چارەسەری كێشەی خۆڵ و خاشاك و پاككردنەوەی ئاوی تانجەرۆ دەكەن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری نزار محەمەد سەعید ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق و وەفدێکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی و پاککردنەوەی ئاوی تانجەرۆ، سەردانی ناوچەی تانجەرۆیان کرد.

دوای سەردانە مەیدانییەکە کە ئەمڕۆ شەممە (1ی حوزەیرانی 2024) بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەیەکدا باسی مەترسییەکانی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک و پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ و دەربەندیخان بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتییان کرا و گفتوگۆش کرا لەسەر چۆنییەتیی چارەسەرکردنی کێشەکە.

جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا داوایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و رێکخراوی WFP پلانێکی زانستی بۆ چارەسەرکردنی خێرا و دوورمەودا ئامادەبکەن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ کاری هاوبەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا نزار محەمەد سەعید ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق، ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و رێکخراوی WFP و سەرپەرشتیکردنی چارەسەرکردنی کێشەکە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ژینگەی عێراق و رێکخراوی WFP و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە درا بۆ ئامادەکردنی پلان و دواتریش جێبەجێکردنی پلانەکە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێم لەسەر یاسای هەڵبژاردنی عێراق یاداشتێک ڕادەگەیەنن

ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیا جیاکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن و…
Total
0
Share