بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە، بەڵام بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكەی تیانییە.
فەرمانگەی میدیایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنەكەی بڵاوكردەوە.
بەرنامەی كار شەش بڕگە لەخۆدەگرێت كە دەنگدان و خوێندنەوەیە بۆ ژمارەیەك پرۆژە یاسا و لەنێویشیاندا دەنگدان بە پرۆژەیاسای پشووە رەسمییەكان.
رۆژی شەممە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەنجامدان دەنگدان، بەهۆی بەدەستنەهێنانی ژمارەی یاساییەوە هیچ كام لە كاندیدەكان دەرنەچوون، ئەنجامدانی گەڕێكی دیكەی دەنگدانیش بەهۆی دروستبوونی شەڕ و ناكۆكی لەنێوان بەشێك لە پەرلەمانتاران پەكیكەوت و بەهۆیەوە یەكلاكردنەوەی پرسەكە دواخرا.