راوێژکاری تەکنیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق واژووکردنی رێککەوتنێکی لەنێوان عێراق و ئیتاڵیا بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژە پیشەسازییەکان بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کردنەوەی چەند کارگەیەک راگەیاند.
محەممەد دەراجی، راوێژکاری تەکنیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا لەوبارەیەوە ئەوەی خستەڕوو، ”رێککەوتنێک لەنێوان لیژنەی باڵای گەرەنتی سەروەری و کۆمپانیای قەرزی شاسا بە ناوی حکومەتی ئیتاڵیاوە واژووکرا بەمەبەستی دابینکردنی دارایی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە عێراق بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ”رێککەوتنەکە لە نێوان بانکی بازرگانی عێراق TBI و دوو بانکی ئیتاڵی بۆ دابینکردنی دارایی ئەم پڕۆژانە واژووکراوە”.
ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت، ”لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیش لەنێوان بازرگانانی هەردوو وڵاتدا واژووکرا بەمەبەستی کردنەوەی شەش كارگە لە عێراقدا و کارگەکانیش بریتین لە کارگەی بەرهەمهێنانی شووشە، دەرمان، بەخێوکردنی پەلەوەر و هێلکە، غاز و ئاسن”.