قوباد تاڵەبانی: پێویستە زانكۆكان رۆڵی زیاتر ببینن لە گەشەپێدانی هەرێم و لەگەڵ پێویستی بازاردا زیاتر خۆیان بگونجێنن

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئوردن بە سەرۆكایەتیی دكتۆر مەئمون ئەلدوبعی و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوێكرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەمە، لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەكە لە ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و فوئاد ئەلمەجالی كونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێم ئامادەیبوون، باس لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان ئوردن و كوردستان كرا و رۆڵی سەرۆك مام جەلال وەك دروستكەری ئەو پەیوەندییە مێژووییە بەرز نرخێندرا و جەختكرایەوە لەسەر كاركردنی هاوبەش بۆ بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی ئەنجامدانی دیداری خوێندنی باڵای ئوردن – كوردستانی كرد و ئاماژەی بە گرنگیی دیدارەكەدا لە پتەوكردنی پەیوەندیی ئەكادیمی لە نێوان هەردوو وڵات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی میوان ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕی بۆ هاوكاریی هەرێم لە بواری گەشەپێدان بە كەرتی خوێندنی باڵادا.
هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی واژووكردنی پەیماننامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان زانكۆكانی هەرێم و ئوردن بە مەبەستی ئاڵوگۆری ئەزموون و پسپۆڕی و بەهێزكردنی پەیوەندیی ئەكادیمی، بە تایبەتیش لە بوارەكانی تەندروستی و گەشتوگوزار و ژینگە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران باسی لەوەكرد كە پێویستە زانكۆكان رۆڵی زیاتر ببینن لە گەشەپێدانی هەرێم و لەگەڵ پێویستی بازاڕدا زیاتر خۆیان بگونجێنن و وتیشی، “لە كوردستان توانای مرۆیی زۆر باش هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەك پێویست ئەو توانا مرۆییە رێكبخرێت و لەگەڵ پێویستییەكانی بازاڕدا بگونجێنرێت، هەربۆیە پێویستە زانكۆكان لەم بوارەدا زیاتر خۆیان پێشبخەن”.

بابەتی پێشتر

ئەو دوو منداڵەی بەهۆی گڕگرتنی ماڵەکەیانەوە سووتان گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share