پارێزگاری هەولێر: لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری 132 کەس برینداربوون

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری 132 کەس برینداربوون و لەو ژمارەیەش 15 یان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ کراوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دوایین ئامارەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دووکان، 227 دووکان و حەوت کۆگای بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

ئاشکراشیکرد، بەهۆى قەرەباڵغییەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى رووداوەکە، 132 کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو و هەر زوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە 117 كەسيان چارەسەرکران و 15 كەسى دیکەشیان کە پێویستبوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

جەختیشیکردەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەم نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیرا کە لە هەولێرەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەرچووبوو

پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێکی راگەیاند کە لە هەولێرەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەرچووبوو. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی…
Total
0
Share