روخساری ژنێك كە 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە كوردستان ژیاوە دروستدەكرێتەوە

تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپول وێنەی روخساری ژنێکی 40 ساڵەی نیاندەرتاڵ-یان دروستكردەوە، كە بەپێی مەزەندەکان نزیکەی 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە.

ئێسکی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە كە لە ساڵی 2018دا دۆزراوەتەوە بە (شانەدەر Z) ناونراوە.

تیمەکە توانییان لەڕێی کۆکردنەوەی 200 پارچە ئێسکەوە، کەللـەسەری دروستبکەنەوە، ئەم كارەشیان نزیکەی نۆ مانگی خایاندووە.

لە کاتی دۆزینەوەی ئێسکەکەدا نەتوانرا رەگەزەکەی دیاریبکرێت، بەڵام دوای پشکنینی ورد و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ، لەڕێی پڕۆتینەکانی ناو مینای ددانیەوە تیمەكە توانییان رەگەزەکەی دەستنیشان بکەن.

هاوکات لەڕێی پێوانی درێژی و تیرەی ئێسکی قۆڵی و بەراوردکردنی بە مرۆڤی شارستانیی ئەم سەردەمە، باڵای ژنە نیاندەرتاڵەکە بە مەتر و نیوێک خەمڵێندراوە.

خالید سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەی ئێسكی نیاندەرتاڵەكەوە دەڵێت، پێش 75 هەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان ژیاوە و هەر لەوێش مردووە و نێژراوە. لەسەرلا نێژراوە و دەستی چەپی بەملیەوە ئاڵێنراوە، بەردێکیش وەک سەرین خراوەتە ژێر سەرییەوە.

ئەوەشی وت، زاناکان گەیشتوونەتە ئەوەی کە ژنە نیاندەرتاڵەكە دەموچاوێکی پان و بەرین و برۆیەکی ئەستووری هەبووە و لەسەر ئەم بنەمایە، وێناکراوە.

باس لەوەشدەكات، نیاندەرتاڵەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 300 هەزار ساڵ لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاستی ئاسیا ژیاون. دوای ئەوەی مرۆڤی نوێ (هۆمۆ-ساپیانز)، پێش نزیکەی 70 هەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە دەگەنە ئەوروپا، بۆ نزیکەی 30 هەزار ساڵ بەریککەوتن و پێکەوە ژیان لە نێوان هەردوو جۆرەکەی مرۆڤدا، واتە نیاندەرتاڵ و مرۆڤی نوێدا هەبووە. پێش نزیکە 35 هەزار ساڵ نیاندەرتاڵەکان بەتەواوەتی لەناودەچن و نامێنن.

خالد سلێمان روونیشیدەكاتەوە، کوردستان یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە لانکەی نیاندەرتاڵەکان بووە و ساڵانی پەنجاکانی رابردوو بۆ یەکەمجار ئێسک و پروسکیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دۆزراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستی 31 جۆری خواردنەوەی وزەبەخش لەناودەبات

بابەتی دواتر

بەرپرسێكی كۆمەڵی دادگەری: دواخستنی هەڵبژاردن بۆشاییە یاساییەکان لە هەرێم زیاتر دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share