لە تێکدانی تەختی جەمشیدەوە بۆ گۆڕەکەی ماملێ.. مێژوویەکی 40 ساڵە

لە کوردەواریدا وتەیەک هەیە دەڵێت، “کەسێک مرد شەیتان وازی لێدەهێنێت” بەڵام ڕەنگە ئەمە مردووەکانی ناو خاکی ئێرانی ئێستا نەگرێتەوە، چونکە گۆڕی ئەو کەسانەی لە پێش شۆرشی ئیسلامی ئێران دیار و چالاک بوون، هەموو ڕۆژێک لەژێر مەترسی تێکدان و شکاندندا بێت.

لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979 سڕینەوە و تێکدانی گۆڕی کەسە دیارەکانی سەردەمی حوکمی پاشایەتی دەستیپێکردووە و زۆرجاریش ئەم هەوڵە بە یاسای شەرعی و ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتگیرکراوە.

سادق خەلخالی، ئەو دەموچاوەی لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ڕۆڵی هەبوو لە دەستبردن بۆ گۆڕ و مەزارە مێژووییەکانی پێش شۆڕشی ئیسلامی، خەلخالی لەدوای شۆڕشی ساڵی 1979 وە وەک دادوەری شۆڕشی ئیسلامی دەستبەکاربوو، هەمیشە بە کەلەڕەقی و سوربون لەسەر بڕیارەکانی دەناسرایەوە، ئەو لە ساڵی 1981 دا بڕیاری ڕوخاندنی گۆڕی ڕەزاشای پەهلەوی دەرکرد، ئەگەرچی ئەوکات ناڕەزایەتی هەبوو لەسەر ئەو بڕیارە بەتایبەت بەنی سەدری سەرۆککۆماری ئەوکات، بەڵام خەلخالی و شوێنکەوتوانی بڕیاریاندا لە 20 ڕۆژدا گۆڕی ڕەزاشا، شای پێشوتری ئێران بڕوخێنن.

خەلخالی لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت، “ئێمە بڕیارماندا گۆڕەکە بڕوخێنین و سوپاش هەموو پێداویستییەکی بۆدابینکردین” ئەمە ڕەنگە سەرەتای سەرهەڵدانی کەلتورێک بێت کە پێی دەڵێت، “تێکدانی گۆڕ”.

خەلخالی ئەگەرچی سەرکەوتووبوو لەو بڕیارەی، هەوڵی زۆریدا تەختی جەمشیدیش بڕوخێنێت کە دیارترین شوێنەواری کۆنی سەردەمی کۆرشی گەورەیە و مێژووەکەی بۆ 518 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، بەڵام لەم بڕیارەیدا ناڕازییەکان زۆرتربوون، بەتایبەت نوسرەتوڵا ئەمینی، کە پارێزگاری ئەوکاتی پارێزگای فارس بوو، نوسرەتوڵا وتی، “مەگەر بەسەر تەرمی مندا بڕۆن تەختی جەمشید بڕوخێنن”.

ئەمە سەرەتای دەستبردن بوو بۆ گۆڕ و مەزارگەکان، دوای ئەم ڕوداوانە ئیتر ڕوخاندن و تێکدانی گۆڕی هەموو ئەو کەسانەی نزیک نەبوون لە شۆرشی ئیسلامییەوە ئەگەرێکی کراوە بوو.

دوای گۆڕەکەی ڕەزاشا، پەراوێزخستن و هەوڵی تەواو سڕینەوەی بەشێک لەو گۆڕستانەی کە دکتۆر موسەدقی تێدابوو بووە هەواڵی ڕۆژ، دکتۆر موسەدق بەیەکێک لە “پاکترین” سەرۆکوەزیرانەکانی مێژوی ئێران دادەنرێت، کە تەنها لەماوەی ساڵانی 1951 بۆ 1953 توانی خۆی وەک دەسەڵاتدارێکی دادپەروەر و بەهێز خۆی بنوێنێت.

محەمەد عەلی فروغی، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان شانازی بە مێژووی نوسین و هەوڵە زانستییەکانی دەکەن، ئەو لەسەردەمی قاجارییەکاندا چەندین پۆستی لەوانە سەرۆکوەزیرانی تاقیکردووەتەوە، بەڵام لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە گۆڕەکەی شکێنرا و ڕوخێنرا.

تێکدانی گۆڕی ئەو کەسایەتیانەی کە سیاسی نەبوون

دەستکاری کردنی بەردی سەر گۆڕەکان تەنها سیاسییەکانی پێش شۆڕشی ئیسلامی ناگرێتەوە، بەڵکو دەیان کەسایەتی هونەری و وەرزشی و زانستی و کۆمەڵایەتی، لەلایەن کەسانی نادیارەوە کە ئێرانییەکان پێیان وایە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن تێکدراوە.

لە تازەترین ڕوداوەکانی تێکدانی گۆڕی ئەو کەسایەتیانەی کە سیاسی نەبوون، لە ساڵی 2016 دا گۆڕی پێنج کەسایەتی وەرزشی مێژووی ئێران لە تاران لەلایەن کەسانی نادیارەوە ڕوخێنرا و شوێنرا.

ئەو ساڵە گۆڕی هەریەک لە غوڵامحسێن موزڵومی و بیوک جدیکار و هومایۆن بەهزادی و ڕەزا ئەحەدی، کە هەموویان کەسایەتی وەرزشی و وەرزشەوانی ئێرانی بوون لەلایەن چەند کەسێکەوە گۆڕەکانیان ڕوخێنرا و تێکدرا.

تێکدەرانی گۆڕەکان ڕەحم بە کەسایەتی و سەرمایە هونەرییەکانیش ناکەن و لە ساڵی 2017 دا گۆڕی غوڵامحسێن بەنان، کە بەیەکێک لە سەرمایە هونەرییەکانی مێژوی ئێران دادەنرێت و سەردەمی خۆی باشترین گۆرانییە تازەکان هی ئەو بوون، لەلایەن چەند کەسێکەوە تێکدرا و ئەم ڕوداوە ناڕەزایەتی توندی هونەردۆستانی بەدواداهات.

لە تازەترین ڕوداوی تێکدان وشێواندنی گۆڕی کەسایەتییە هونەرییەکاندا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گۆڕی هونەرمەند و گۆرانی بێژی کورد مامۆستا محەمەدی ماملێ، لەلایەن کەسێکەوە شوێندراوە.

بنەماڵەی محەمەدی ماملێ لە ڕاگەیەنراێکدا لەسەر ئەو ڕوداوە دەڵێن، ” گڵکۆی خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەمەدی ماملێ لەگردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد شێوێندراوە، ئەو دیاردە دزێو و ناشیرینە دەمێکە لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بووەتە باو”.

بابەتی پێشتر

بە دوو مانگ پێدری 20 سەرکەوتووە و مێسی 20 دابەزیوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. زیاتر لە 18 تۆن توتنی نێرگەلەی ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەرداگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵی نوێوە: هەموو هەوڵێکمان بۆ بنیادنانی حکومڕانییەکی تەندروست و ڕاستکردنەوەی ئیداری و ڕێکخراوەییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەپەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێی 2022وەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەم بۆنەیەدا تەئکیددەکەینەوە لە یەکخستنی ھەوڵەکانمان…
Total
0
Share