گڵكۆی ماملێ شێوێندراوە و خانەوادەكەی ناڕەزایی دەردەبڕن

خانەوادەی ھونەرمەندی کۆچکردوو محەمەدی ماملێ، پەیامێكی ناڕەزاییان سەبارەت بە شێواندنی گڵكۆكەی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە گڵكۆی هونەرمەندی كۆچكردوو ماملێ لە گردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد شێوێندراوە و ڕاگەیەندراوە، “کەسانێکی نەفس نزم و بەتاڵ لە بەها مرۆڤایەتییەکان هەن کە ڕەحم بە مردووی گۆڕستانەکانیش ناکەن. لەبیرمانە کە چەندین جار گڵکۆی نەمران سولەیمانی موعەینی، مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بە گولە شکێندران یان بە ڕەنگ دەیانشێواندن یان دەیانشکاندن. ئەو کەسانەی کە هانا دەبەنە بەر ئەو کارانە، بە ئاشکرا دژایەتیی فەرهەنگ و بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد دەکەن و پەنا دەبەن بۆ ئەم کارە ناحەزە. ئەوانە تەنانەت مردووی قەبرستانەکانیش ئازاریان دەدات گەر مێژوویەکەیان بە دڵی ئەوان نەبێت.”

لە كۆتایی پەیامەكەیاندا، خانەوادەی هونەرمەندی كۆچكردوو محەمەدی ماملێ داوای دۆزینەوە و سزادانی بكەران دەكەن و دەڵێن، “ئێمە داوا لە بەرپرسانی شارەوانی مەهاباد و هەیئەتی ئومەنای ئەو گۆڕانە دەکەین، بەدواداچوونێکی شەفاف بۆ ئەو کێشەیە بکەن و هەوڵ بدەن ئەو تاوانبارانە بناسێندرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن و بە شێوەیەکی باشتر لەو گۆڕانە بە خاوەن دەرکەون و نەهێڵن شتی وا دووپات ببێتەوە.”

دەقی پەیامەكە:-

پەیامی ناڕەزایی بنەماڵەی ھونەرمەندی کۆچکردوو محەمەدی ماملێ سەبارەت بە شێواندنی گڵكۆکەی:

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاژانسی هاژە لەمەهابادەوە، گڵکۆی خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەمەدی ماملێ لەگردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد شێوێندراوە. ئەو دیاردە دزێو و ناشیرینە دەمێکە لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بووەتە باوە.

کەسانێکی نەفس نزم و بەتاڵ لە بەها مرۆڤایەتییەکان هەن کە ڕەحم بە مردووی گۆڕستانەکانیش ناکەن.  لەبیرمانە کە چەندین جار گڵکۆی نەمران سولەیمانی موعەینی، مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بە گوللە شکێندران یان بە ڕەنگ دەیان شێواندن یان دەیانشکاندن.

ئەو کەسانەی کە هانا دەبەنە بەر ئەو کارانە، بە ئاشکرا دژایەتی فەرهەنگ و بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد دەکەن و پەنا دەبەن بۆ ئەم کارە ناحەزە. ئەوانە تەنانەت مردووی قەبرستانەکانیش ئازاریان دەدات گەر مێژوویەکەیان بە دڵی ئەوان نەبێ.

دڵنیایان دەکەینەوە کە بەو کارە سووکانە نە مێژوو، نە کەسایەتی محەممەدی ماملێ خەوشەدار دەبێ و نە فەرهەنگ و هونەری کوردی نسکۆی بەسەردا دێت، بەڵکوو پێوەندی نێوان هونەر و هونەرمەندی دەروەست دەگەڵ میللەتی کورد پتەوتر دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕووڕەشییە بۆ بکەران و بۆ ئامیرانی ئەو کارە ترسنۆکانەیە.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایان بەرپرسان و هەیئەتی ئومەنای ئەو شارە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئێمە داوا لە بەرپرسانی شارەوانی مەهاباد و هەیئەتی ئومەنای ئەو گۆڕانە دەکەین کە بەدواداچوونێکی شەفاف بۆ ئەو کێشەیە بکەن و هەوڵ بدەن ئەو تاوانبارانە بناسێندرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن و بە شێوەیەکی باشتر لەو گۆڕانە بە خاوەن دەرکەون و نەهێڵن شتی وا دووپات ببێتەوە.

بنەماڵەی محەممەدی ماملێ

بابەتی پێشتر

ئەمریكا سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سزادەدات

بابەتی دواتر

خامنەئی: ڤاكسینی دژەكۆرۆنای ئەمریكی و بەریتانی نابێت بێنە ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share