بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر خوێن و خۆڕاگریی خەڵکی خۆشەویستی قەڵادزێ و هەموو کوردستان وەفادارە و لە خەبات بۆ قەرەبووکردنەوە و خزمەتکردنیان بەردەوامدەبێت.
لە پەیامێکدا کە لە ساڵرۆژی بۆردومانکردنی قەڵادزێ بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەڕێزەوە یادی شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێی سەربەرز دەکەینەوە و سەری رێز و وەفاداری بۆ کەسوکارە خۆڕاگرەکەیان دادەنەوێنین، خەڵکی خۆشەویستی قەڵادزێ نموونەی ئازایەتی و خۆڕاگرین، لەبەرامبەر بۆردوومان و راگواستندا نەک چۆکیان دانەدا، بەڵکو بە ئازایەتییەکی کوردانە و پێشمەرگانەوە بەگژ رژێمدا چوونە و مێژوویەکیتری پڕ لە شکۆمەندی و شانازییان بۆخۆیان تۆمارکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر خوێن و خۆڕاگریی خەڵکی خۆشەویستی قەڵادزێ و هەموو کوردستان وەفادارە و لە خەبات بۆ قەرەبووکردنەوە و خزمەتکردنیان بەردەوامدەبێت، بەرپرسیارێتیی حکومەتیشە بە کردار خزمەتی قەڵادزێییەکان و سەرجەم هاونیشتمانییان بکات، چونکە ئەزموونەکەمان بەرهەمی گیانفیدایی ئەوانە و دەبێت هەموو هەوڵەکانیش بە ئاڕاستەی خزمەتکردنیان بێت