شەپۆلێکی خۆکوشتن کەمپی ئاوارە ئێزدییەکان دەگرێتەوە

ئەگەرچی لە ساڵی 2014 وە هیچ ساڵێک بۆ ئێزدییەکانی باشوری کوردستان بێ ئازار و تاڵی تێنەپەڕیووە، هێشتاش لە سەرەتاکانی 2021 دا خۆکوژی لەناو کەمپی ئاوارە ئێزدییەکاندا گەمترین هەواڵە.

تەنها لەماوەی چوار ڕۆژدا چوار ئاوارەی ئێزیدی لەناو کەمپەکانی پارێزگای دهۆک خۆیان کوشتووە، کە بەشیک لەو کەسانە تەمەنیان هێشتا منداڵە.

ڕۆژی 4ی کانوونی دووەم، دوو حاڵەتی خۆکوشتن لەناو ئاوارە ئێزدییەکاندا تۆمارکرا، کاتێک دوو ژنی ئێزیدی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، ئەسمەهان خدری کچێکی 20 ساڵی ئێزدی لەو ڕۆژەدا کۆتای بە ژیانی خۆیهێنا و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی کچێکی دیکەی ئێزدی بەناوی ئەحلام خێرۆی 15 ساڵ هەمان ڕێگەی ئەسمەهانی گرتەبەر.

ئەم دوو هەواڵە کۆتا هەواڵی خۆکوژی ئەم هەفتەیە نەبوون، بەڵکو لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دیسانەوە کچێکی ئێزدی بەناوی سوعاد واڵتی 15 ساڵ و کوڕێک بەناوی شەمۆ بەدەل تەمەن 20 ساڵ کە هەردووکیان ئێزدین کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئێزدییەکان چین؟

ئەگەرچی هیچ هۆکارێکی سەرەکی دەستنیشان نەکراوە وەک پاڵنەری خۆکوژی ئێزدییەکان، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی کۆمەڵناسان و لێکدانەوەی دۆخی دەرونی ئێزدییەکان، یەکلایی نەبوونەوەی چارەنوسی ئێزدییەکان و ناڕونی ئایندەیان لەناو کەمپەکان و نەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پاڵنەری سەرەکی خۆکوژییەکانە.

هۆکارێکی دیکەی دەستنیشانکراو بۆ خۆکوژییەکان پەرتەوازەبوونی خێزانی ئێزدییەکانە لە ساڵی 2014 وە، کە بەشێک لە ئێزدییەکان بە دەستی داعش یان کوژران یان وەک “سەبایە” لەگەڵ خۆیاندا بردنیان، بەشێکیشیان ڕێگەی ئەوروپایان گرتەبەر، هەموو ئەم ڕوداوانە ئەندامانی خێزانی ئێزدییەکانی پەرتەوازەکرد.

بە سیاسیکردنی دۆخی شەنگال کە وەک زێدی سەرەکی ئێزدییەکان دادەنرێت هۆکارێکی دیکەی بێزاری و توڕەیی ئێزدییەکانە، چونکە شارەکەیان لەنێوان چەندین وڵات و لایەن و حزبدا دابەشبووە، بەجۆرێک تورکیا داواکاری هەیە و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان جۆرێکی دیکە لە داواکاریان هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراقیش جۆرێکی دیکە لە دۆخی شەنگال دەڕوانن.

بابەتی پێشتر

دیاردەیەکی قێزەون بەڵام بەربڵاو

بابەتی دواتر

عەلی خامنەی باس لە ترسی ئەمریکا دەکات لە موشەکەکانی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share