36 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا تێپەڕی

ئەمڕۆ 14ی 4، 36 ساڵ بەسەر وێرانکردنی لادێکان، پەلکێشکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەرەو مەرگێکی بێ بەزەییانە، کۆمەڵکوژی و مەرگ و تاوان، زامێکی قووڵ لە مێژووی کورد و کوردستاندا، تێپەڕی.

تاوانی ئەنفال 197 رۆژی خایاند و بە چەند شێوازێک ئەنجامدرا، کارەساتێک هاوشێوەی کەمە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، 182 هەزار کەس بە پیر و گەنج و ژن و منداڵەوە، بە زیندووی نێژران.

لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە تاوانەکە بە چەند قۆناغێک ئەنجامدرا و چەندین ناوچەشی بە گوند و ناحییەکانی دەوروبەرییەوە گرتەوە (دۆڵی جافایەتی، قەرەداغ، گەرمیان، ئاوگەی زێی بچووک، شەقڵاوە و رەواندز، دۆڵی بالیسان، بادینان).

بە گوێرەی راپۆڕتى رێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ هەشت قۆناغەکەی ئەنفال بەم جۆرە بوون:

21ى شوباتى 1988 تاوەکو 18ی ئازارى 1988: قۆناغى یەکەمى هەڵمەتى ئەنفال لە دۆڵى جافایەتى دەستى پێکرد.

14ى ئازارى 1988 تاوەکو 22ی ئازارى 1988: قۆناغى دووەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەى قەرەداغ دەستى پێکرد.

31ی ئازارى 1988 تاوەکو 14ی نیسانى 1988: قۆناغى سێ یەمى هەڵمەتى ئەنفاڵ دەستى پێکرد لە ناوچەى گەرمیان.

18ی نیسانی 1988 تاوەکو 20ی نیسانی 1988: قۆناغى چوارەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەى قەزاى عەسکەر و گۆپتەپە و شوان و قەڵا و سواکە و دەشتى کۆیە دەستى پێکرد.

24ی ئایارى 1988 تاوەکو 31ی ئابى 1988: قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەمى هەڵمەتەکانى ئەنفال لە قەزاکانى شەقڵاوە و رەواندز دەستى پێکرد.

25ی ئابى 1988 تاوەکو 6ی ئەیلولى 1988: قۆناغى هەشتەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەکانى بادینان دەستى پێکرد.

رژێمى پێشوو هەڵمەتەکەى بەناوى سوڕەتى ئەنفالى قورئان ناوناوە، ئەنفال بە ماناى دەستکەوتەکانى جەنگ دێت بەکارهات بۆ وەسفکردنى ئەو هەڵمەتە سەربازییەى لەلایەن عەلی حەسەن مەجید سەرکردایەتى دەکرا بۆ لەناوبردنى گەلى کورد و تاڵانکردنى ناوچەکان.

پڕۆسەی ئەندفال لە رۆژی 23ی شوبات تاوەکو 6ى ئەیلولی 1988 بەردەوامبوو، لە کۆمەڵگاى کوردىدا وشەى ئەنفال ماناى هەموو ئەو تاوان و جینۆساید و کۆمەڵکوژیە دەگرێتەوە بەدرێژاى مێژوو بەرامبەر بە گەلى کورد ئەنجام دراوە.

بابەتی پێشتر

عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێکردەوە

بابەتی دواتر

چین بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئارام بن و دان بە خۆتاندا بگرن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دابان شەدەڵە: ئەمریكا و ئەڵمانیا داوای ئازادكردنی بێمەرجی چالاكوانانی بادینانیان كردووە

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمریكا و ئەڵمانیا داوای ئازادكردنی بێمەرجی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینانیان …
Total
0
Share