دارایی عێراق: مووچەی مانگی شوباتی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم رەوانەكرا

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێوشوێنەكان بۆ پارەداركردنی مووچەی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەت، پارەی تایبەت بە مووچەی ئەودوای كارمەندانی دامەزراوە ئەمنییەكانی هەرێمی بۆ مانگی شوبات رەوانەكرد.

دەشڵێت، پارەداركردنەكە بەپێی نووسراوی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی ژمارە (9133) لە ئەمڕۆ 3ی نیسان بووە، پاش دوای تەواوكردنی سەرجەم رێوشوێنەكانی پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەند و، پشتبەست بە نوسراوەكانی دیوانی چاودێریی دارایی بە ژمارە (8422) لە 28ی ئازار و (8670) لە 1ی نیسان.

پێشتر تۆڕی میدیایی ئێستا بڵاویكردەوە، گرفتی تایبەت بە مووچەی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم، كە پێشتر بەهۆی نەناردنی ناویانەوە بۆ بەغداد سەریهەڵدا، چارەسەركراوە و بەغداد رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی.

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوبات رەوانەی هەرێم كرد، بە ناردنی بڕە پارەی تایبەت بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، دابینكردنی مانگانەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربوو.

دوێنێ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەكانمان هیچ گرفتێك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە و ئەگەر رێكارەكان تەواوبكرێن حكومەتی عێراق پێش جەژن مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت.

وتیشی، “پێویستە حكومەتی هەرێم هەماهەنگ بێت لەگەڵ رێكارەكانی حكومەتی عێراق تا مانگانە هاوشێوەی ناوچەكانی دیكە مووچەی مووچەخۆران رەوانەبكرێت و لە هەمانكاتدا بەرپرسانی حكومەتی عێراق جەختیان كردووەتەوە كە مووچە تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان ناكرێت و مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەدەكرێت”.

بابەتی پێشتر

لەبارەی مووچەی هەرێمەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای پەرلەمانتارێکی رەتکردەوە

بابەتی دواتر

بڕیار رەشید: ئەگەر وەفدی هەرێم کارئاسانی بکات هەفتەی داهاتوو مووچە دابەشدەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share