لە دەریاچەی دەربەندیخان و سیروان و دوکان، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ رێگریی لە راوکردنی ماسی چەند چالاکییەکی ئەنجامدا و داوای لە هاوڵاتییان کرد لە راوی ماسی دووربکەونەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان بە ئامانجی رێگریکردن لە راوکردن و پاراستنی سامانی ماسی دەرچوون بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان، دوای گەڕان و پشکنینی دەریاچەکە توانیان سێ تۆڕی راوکردنی ماسی هەڵبگرنەوە کە دوو ماسی زیندوویان پێوە بوو پاشان خرانەوە ناو دەریاچەکە .
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین لە پێناو پاراستن و زیادبوونی سامانی ماسی تا کۆتایی هاتنی ماوەی قەدەغەی راوی ماسی خۆیان لە راوکردن بەدوور بگرن.
لە راگەیەندراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە، لە پێناو پاراستنی سامانی ماسی و رێگریکردن لە راوکردنی ، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی شارەزوور بە هاوبەشی بنکەی زەڕایەن دەرچوون بۆ سەر دەریاچەی سیروان، دوای گەڕان و پشکنینی دەریاچەکە، لە ئەنجامدا لەسنووری ئاوی گوندی ( قەڵبەزە) 12 تۆڕی راوی ماسی هەڵگیرانەوە کە 49 ماسی راوکراوی قەبارە جیاوازی پێوە بوو .
ئاماژە بەوەش دەکات، لە رێکەوتی( 28 لەسەر 29ی ئازاری 2024 ) مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسى دارستان و ژینگەى بنگرد بەسەرپەرشتیی ئەفسەری بنکە لەئەنجامی دوو دەرچوونیان بۆ سەر دەریاچەی دوکان و سنوری بنکەکەیان، دواى گەڕان و پشکنینى دەریاچەکە لە ئەنجامدا توانیان دەست بگرن بەسەر چوار شەداوی ماسی گرتن و هەشت تۆڕی راوی ماسیدا کە لەدەریاچەکەدا بوون و دوای هەڵگرتنەوەی تۆڕەکان چەند ماسییەکی زیندویان پێوەبوو کەخرانەوە ناو دەریاچەکەو هەروەها شەش ماسی گەورەی راکراویان پێوەبوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی و دۆزینەوەی سەرپێچیکاران.
لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە 5 ی ئازارەوە قەدەغەی راوەماسی دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ی حوزەیرانی 2024بەردەوامدەبێت.
بڕیارەکە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە بەنداوی موسڵ دەگرێتەوە.