نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان پێشبینی دابەزینی دوو هەزار دینار وەک رێژەیەکی ناوەندیی لە نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سوور دەكات، دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ داشکاندنی 50%ی كرێی رسوماتی هێنانی گۆشتی سوور.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی رسومات کاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕەکانی ناوخۆ بەهۆی ئەوەی هەردوو جۆرەکەی هاوردەکردن دەگرێتەوە، ئاژەڵ بۆ سەربڕین و ئاژەڵی بەرهەمێن کە بەخێودەکرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لە پێناو دوو مەبەستدایە، یەکەمیان دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور و ئەوەی دیکەش لە پێناو برەودانە بە بەخێوکردن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی وردەکاریی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە راشیگەیاند، کرێی رسوماتی گومرگی لەسەر ئاژەڵەکان کە بڕیاری کەمکردنەوەی دراوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، کۆی بڕی رسوماتەکە خۆی بە نزیکەیی 125 دۆلارە بۆ هەر تۆنێک و 50%ی ئەو بڕە کەمدەکرێتەوە بۆ هاوردەکارانی گۆشت.

راشیگەیاند، بڕیارەکە وادەکات قازانجی هاوردەکاران زیادبکات و بەو جۆرە خستنەڕووی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان زیاددەکات و جوڵەی بازرگانیی زیاددەکات و وتیشی، “پێشبینی دابەزینی دوو هەزار دینار بۆ هەر كیلۆیەك لە گۆشتی گوێرەکە و بەرخ دەکەین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پاش بڕیارەکە”.

لای خۆشیەوە، هیوا عه‌لی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند بڕیاری داشكاندنی 50%ی كرێی رسوماتی هێنانی گۆشتی سوور كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی نرخی لە بازاڕەكاندا دەبێت و هاندانێکە بۆ هاوردەکارانی گۆشت.

هیوا عەلی، لەبارەی گۆشتی مریشکەوە روونکردنەوەیدا و باسی لەوەکرد، لە رووی بەرهەمی پەلەوەرەوە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە خۆبژێووی و هیچ هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی لەئارادا نییە، تەنها ئەوەیە بەهۆی گرانی نرخی گۆشتی سوورەوە، خواست لەسەر مریشک زیادیکردووە.

بابەتی پێشتر

بە تۆمەتی دزینی زێڕ لە سلێمانی ژنێک دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

کۆمسیۆن وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان و لیستەکانی هەڵبژاردنی درێژکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share