رێبوار تەها: بڕیارەکەی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک لەبارەی ئاوارەکانەوە کاری پێناکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە رایدەگەیەنێت، “بڕیارەکەی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک لەبارەی ئاوارەکانەوە کە وتبووی خەڵکی رەسەنی شارەکەن، کاری پێناکرێت”.

رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، سەبارەت بە هەواڵی تۆمارکردنی ناوی ئاوارە و ئەو هاوڵاتییانەی لەناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە شاری کەرکوک وەک دانیشتووی کەرکوک لەفەرمانگە فەرمییەکان، بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە پاش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیڤان فایەق جابر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و راکان جبوری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک ئەو بڕیارە راگیراوە و کاری پێناکرێت.

رێبوار تەها، لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت، بە هەموو لایەک رادەگەیەنین، کە بڕیاری لەو جۆرە پێویستە بە راوێژ و گفتوگۆ و بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بێت، ئەگەر نا بە دڵنیاییەوە بە هیچ جۆرێک کاری پێناکرێت و نا یاسایی و نا دەستوورییە.

لەچەند رۆژی رابردوودا پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک لە نووسراوێکدا داوایکرد بە هیچ کەسێک نەوترێت ئاوارە یان هاوردە کە لەنێو کەرکوکدا هەن، بەڵکو ئەوانەی لە شارەکەدان خەڵکی رەسەنی کەرکوکن.

دوای ئەو نووسراوە، فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک فشاریان درووستکرد و دوای ئەو فشارانە پارێزگاری بە وەکالەت بە نووسراوێک لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە.

 

 

 

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی سلێمانی سوپاسی هێزەكانی كۆماندۆ دەكات

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی: زیاتر لە 60%ی ئەو گەڕەکانەی بێئاوبوون ئاویان وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share