وەزارەتی ئەوقاف رێنمایی لەبارەی مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، چەند رێنماییەکی لەبارەی مانگی رەمەزانی پیرۆز بڵاوکردەوە و لە نووسراوێكدا كە بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان گشتێندراوە، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، چەند رێنماییەكی لەبارەی مانگی رەمەزانەوە گشتاندووە كە دەبێت هەموولایەك پێیەوە پابەند بن.

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، یەكێك لەو رێنماییانە ئەوەیە كە كورته‌ وتاره‌كانى دوای عەسر، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی رۆژووەوانان، 20 خولەك بخایەنێت و تەنها مامۆستای مزگەوت پێشكەشی بكات، بە بەكارهێنانی مایكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت،.

دەشڵێت، “بابەتەكان بریتی دەبن لە خوداپەرستی و مامەڵە و بابەتی پەروەردەیی و هۆشداریی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و هاندانی پێكەوەژیان”.

لە خاڵێكی دیكەدا هاتووە، ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بە پێی خشتەی پارێزگاكە دەبێت، كە دەبێت پێیەوە پابەند بن.

جەختیشدەکاتەوە، تەنها لە 10 شەوی كۆتاییەكانی مانگی رەمەزان، دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن، تا نوێژی بەیانی بە مەرجی رەزامەندیی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.

باس لەوەشکراوە، هیچ كەس بۆی نییە جگە لە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمیی مزگەوت، مەراسیمە ئایینییەكان و تەراویح بە تایبەتی ئەنجام بدات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پاش بانگى شێوان (عیشا)، لە نێوان 15-20 خولەك دواتر نوێژ بكرێت، لەبەر بارودۆخی رۆژووەوان، رەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لە رووی درێژی و كورتیی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعیی دروست ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك رێنماییی كارگێڕی بڵاوكردووەتەوە، كە ئاراستەی چێشتخانە و كافتریا و دەزگاكانی راگەیاندن كراوە و داوا كراوە بە هەڵسوكەوتی دروست رێز لە مانگەكە بگرن.

بابەتی پێشتر

کەمی نەختینەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەهای دۆلاری بەرزکردەوە

بابەتی دواتر

پارێزگاری هەولێر: لە مانگی رەمەزاندا دەوامی فەرمانگەکان کاتژمێرێک کەمدەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share