سەرانی كەنداو بەیاننامەی كۆتایی واژوودەكەن و جەخت لە یەكڕیزی دەكەنەوە

كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی كەنداو لە شاری عولا-ی سعودییە فۆتۆ: ڕۆیتەرز

سەران و سەرۆك شاندەكانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداوی عەرەبی بەیاننامەی كۆتایی لوتكەی 41ی كەنداویان واژووكرد كە لە پارێزگای عولا لە سعودیە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی دووەم لوتكەی 41ی كەنداو ئەنجامدرا و تیایدا بەیاننامەی كۆتایی كە بە “بەیاننامەی عولا” ناوبراو لەلایەن وڵاتانی بەشداربووەوە واژووكرا.

لوتكەكە بە بەشداری سەرانی وڵاتانی سعودیە و قەتەڕ و كوەیت و، بەرپرسانی باڵای سوڵتانشینی عومان و ئیمارات و بەحرەین و، بەشداری میسر بە وەزیری دەرەوە بەڕێوەچوو.

محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، كە سەرۆكایەتی لوتكەكەی كرد، وتی، سەرانی كەنداو لە بەیاننامەكەدا جەختیان لەسەر هەماهەنگیی و سەقامگیری كردوەتەوە، هەروەك سوپاسی كردن لە هەنگاوە ئازایانەی گرتویانەتەبەر.

لە وتەی دەستپێكدا شازادەی سعودیە وتیشی، هەوڵەكانی كوەیت و ویلایەتە یەكگرتووەكان بووە هۆی هەماهەنگیی هەموان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی بەیاننامەی عولا.

بن سەلمان داوای یەكخستنی هەوڵەكانیشی كرد بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئالنگارییەكان لە ناوچەكەدا، كە بەتایبەت خۆی لە بەرنامە ئەتۆمی و بالیستیەكانی ئێران و، ئەو پڕۆژانە دەبینیتەوە كە شوێنكەوتووەكانی لە ناوچەكەدا ئەنجامیدەدەن.

لای خۆیەوە نواف ئەحمەد جابر لسوباح، ئەمیری كوەیت جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی لوتكەكە بۆ پشتیوانی كاری هاوبەشی كەنداوە.

بە چەند كاتژمێرێك بەر لە دەستپێكردنی لوتكە كوەیت ڕایگەیاند كە سعودیە سنوور و بوارە ئاسمانی و وشكانییەكانی لەگەڵ قەتەڕ دەكاتەوە، ئەمەش پاش سێ ساڵ و نیو لە گەمارۆ.

دیارترین ڕوداوەكانی لوتكەكە بەشداری میری قەتەڕ و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی بوو لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی دیكەی كەنداو.

میر و شازادە یەكتری لەئامێزدەگرن

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەڕ و ژمارەیەك سەرۆك و میر و كاربەدەستی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، گەیشتنە شوێنی بەڕێوەچوونی 41یەمین لوتكەی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو.

لەكاتی گەیشتنی شاندی قەتەڕ بە سەرۆكایەتیی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری ئەو وڵاتە، شازادەی جێنشینی سعودیە و میری قەتەڕ یەكتریان لە ئامێزگرت.

ئەو پێشهاتە لە پەیوەندییەكانی سعودیە و قەتەڕ-دا، دوای نزیكەی چوار ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەكانیان دێت، بە جۆرێك بە درێژایی ئەو ماوەیە، شەڕێكی سەختی میدیایی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا جۆشداربوو.

جگە لەوەش، سعودیە گەمارۆیەكی ئابوری و دیپلۆماتی خستبووە سەر قەتەڕ، كە لە سەرەتادا گورزێكی كوشندەی لە ئابوریی قەتەڕ دا.

عولا.. ئەو شوێنە مێژووییەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە ئامێز گرتووە

شاری عولا بە شوێنێكی مێژوویی تایبەت دادەنرێت بەهۆی ئەو پێگە جوگرافییەی كە هەیەتی، بە پردێك دادەنرێت بۆ گرێدانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.

بەمدواییانەش بووە جێگایەكی گەشتیاریی جیهانی لە سعودیە، چونكە كەشوهەوایەكی گونجاو و سیمایەكی جوانی هەیە.

ئەو شارە گەشتیارییە پێگەیەكی سیاسیشی بۆ دروستبوو، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ وڵاتانی بەشدار لە 41یەمین لوتكەی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداوی لەئامێزگرت.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. چوار كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر كران

بابەتی دواتر

نەرویج گەورەترین بەكارهێنەری ئۆتۆمبێلی كارەبایی بووە لە 2020دا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share