دەزگای لوتکە زانیاری نوێ لەبارەی ناردنی ئەو کۆچبەرانەی لە بەریتانیان بۆ رواندا ئاشکرادەکات

سەرۆکی دەزگای لوتکە بڵاویکردەوە، لیژنەی هاوبەشی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی بەریتانیا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پڕۆژەیاسای “رواندای سەلامەت” لەگەڵ پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤی شانشینی یەکگرتوودا ناگونجێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار کۆچبەری تێپەڕاندووە.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەکان و پەنابەران بڵاویکردەوە، لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی بەریتانیا راپۆرتێکی 52 لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە لەسەر پڕۆژە یاساکە و دەڵێت، “ئەو کولتوورە پابەندە بە مافەکانەوە کە دەبێت لە هەموو ئۆرگانەکانی گشتیدا بپارێزرێت.”

لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو پرۆژە یاسایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و رێککەوتننامەی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (رێککەوتننامەی جنێڤ)ی ساڵی 1951 و یاسای بەریتانیا ناگونجێت.

پڕۆژەیاسای “رواندای سەلامەت” لە دوای هەنگاوەکەی دادگای باڵا هات لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 کە پلانی گواستنەوەی کۆچبەرانی داهاتووی بۆ رواندا رەتکردەوەو رایگەیاند رواندا وڵاتێکی سەلامەت نییە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران.

دوای نزیکەی مانگێک، ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رەشنووسی یاسایەکی نوێی بە ناوی “سەلامەتی بۆ رواندا” خستەڕوو، کە لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەوەیە کە “رواندا بە وڵاتێکی سەلامەت” لە رێگەی دەنگدانی پەرلەمانەوە بزانێت، ئەم پڕۆژە یاسایە زۆرینەی دەنگی لە پەرلەمان بەدەستهێنا، بەڵام بەبێ دەنگی ئەنجومەنی لۆردەکان پەسەند ناکرێت.

دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەستی دەزگای لوتکە کەوتووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار کۆچبەری تێپەڕاندووە و لە ساڵی رابردوودا،  29,437 کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردبوو، لە ساڵی 2022دا 45 هەزار کۆچبەر روویان لێکردبوو

 

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: داهاتووی ناوچەکە پەیوەستە بە بڕیاری حەکیمانەوە

بابەتی دواتر

گوهدار زێباری کە یەکێک بوو لە سزادراوانی بادینان ئازادکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share