وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم پەیوەستە بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێم، گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی کارکردن لە هەرێم نزیکە لە گەیشتن بە چارەسەر لە ئایندەیەکی نزیکدا.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پێشکەوتنی باش هەیە لە گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناردەی نەوتی هەرێم.
جەختی لەوەشکردەوە، هەر کات گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە ئەنجام و بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەستی پێکردەوە، دەست بە هەناردەی دەکەن، کە پێیان وایە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپیکەوە سەبارەت بە بەرهەمنەهێنانی زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوە.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان 3.35 ملیۆن بەرمیل بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتدایە.