ئێران مەرجی دەستهەڵگرتن لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕادەگەیەنێت

بە ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئێران دڵی یەکێتی ئەوروپاشی لە خۆی ڕەنجان، بەڵام ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت بە مەرج دەتوانن دەستبەرداری پیتاندنەکەبن.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تیوتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیوتەر ڕایگەیاندووە، ” لە ئەگەرى پابەندبوونى لايەنەكانى رێككەوتنى ئەتۆمى بە بەڵێنەكانيانەوە، ئەوان ده‌ستبه‌رداری هەنگاوەكانيان لە پيتاندنى يۆرانيۆم ده‌بن”.

زەریف لە تیوتەکەیدا نوسیویەتی، ” له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه‌ی كە پەرلەمان دەریكردووه‌، دەستمان بە پيتاندنى %20 كردەووە، بە گوێرەى رێكارەكان زانياریى دراوە بە ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆم، ئەم كارەمان، لە دواى ساڵانێك لە پابەند نەبوونى چەند بەشداربوويەكى پلانى گشتگيرى كارى هاوبەش، بە تەواوەتى لەگەڵ بڕگه‌ی 36 هه‌مينى پلانەكە دەگونجێت، ئەو رێكارانەى گرتوومانەتەبەر لە ئەگەری پابەندبوونى تەواوەتى سەرجەم لايەنەكان پێچەوانە دەبێتەوە”

دوای ئەوەی ئێران ڕایگەیاند دەستیان کردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٪20  ئەمە کاردانەوەی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەدواداهات و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا هەوڵەکە بە مەترسی بۆسەر ناوچەکە دەزانن.

لەبارەی بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەكێتیی ئەوروپا هۆشداری بە ئێران دەدات و هەڕەشەی سزادانی دەكات.

لە بەرامبەردا دوێنێ دووشەممە 4ی كانونی یەكەم، پیتەر ستانۆ، وتەبێژی فەرمیی یەكێتیی ئەوروپا بە كەناڵی عەرەبییەی ڕاگەیاندووە، “پێویستە ئێران ڕابگیرێت لەوەی ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەو ڕێژەیە ئێران دووچاری سزایەكی توند دەكاتەوە”.

بابەتی پێشتر

ڤالێنسیا 1-1 قادیش

بابەتی دواتر

وێنە.. ئەو پێنج گیاندارەی بۆ هەمیشە ماڵئاوایمان لێدەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share