ئەردۆغان پارێزگارێکی نوێی بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دیاریکرد
سەرۆکی تورکیا پارێزگارێکی نوێی بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد، دوای ئەوەی پارێزگارەکەی پێشوو دەستی لەکارکێشایەوە، لیرەی تورکیش دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
دوێنێ هەینی حەفیزە گایا ئەرکان، پارێزگاری بانکى ناوەندیی تورکیا لە تویتێکدا وازهێنانى لە پۆستەکەی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، ئەردۆغانی سەرۆکی وڵاتەکە، پارێزگارێکی نوێی بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد، ئەویش فاتح کاراهان جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی بووە لە پێشتردا.
حەفیزە ئەرکان یەکەم ژنە کە سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی تورکیا بکات و پێنجەمین پارێزگارە کە لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەم پۆستە بەجێدەهێڵێت، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا چوار پارێزگاری دیکەی لە کارەکانیان دوورخستەوە، ئەمەش بووە هۆی دەستوەردان لە سەربەخۆیی بانکەکە.
لەو کاتەوە بانکی ناوەندی رێژەی سوودی لە 8.5% بۆ 45% بەرزکردەوە، هەفتەی رابردوو، دوای بەرزبوونەوەی 250 خاڵە بنەڕەتییەکانی دیکە، رایگەیاند، سیاسەتی بانکی ئەوەندە توندتر بووەتەوە کە بتوانێت هەڵاوسانی ئابوری داببەزێنێت.
لە ئێستادا 3058 لیرەی تورکی بەرامبەر بە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و رووبەڕووی دابەزینی زیاتر بووەتەوە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا.