ئەمریکا رەزامەندی لەسەر پێدانی F-16 بە تورکیا و F-35 بە یۆنان دەربڕی

دوای پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ئیدارەی بایدن رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 بە تورکیا.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە لە پەسەندکردنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بە بڕی 23 ملیار دۆلار بە تورکیا، لەگەڵ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی ئێف-35 بە یۆنان بە بڕی 8.6 ملیار دۆلار.

رێککەوتنەکە فرۆشتنی 40 فڕۆکەی ئێف-16 لەگەڵ کەرەستەی نوێکردنەوەی 79 فڕۆکەی دیکەی ئێف-16 بە تورکیا لەخۆدەگرێت، هەروەها 40 فڕۆکەی جەنگی F-35 Lightning II Joint Strike Fighter و ئامێری پەیوەندیدار بە یۆنان دەدرێت لەو چوارچێوەیەدا.

تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک رێگری لە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ کرد و فشاری دەخستەسەر ئەمریکا بۆ نەهێشتنی ئەو رێگریانەی لەلایەن بۆب مێنێندێز، سەرۆکی پێشووی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بەسەر ئەنقەرەدا سەپێندرابوون و رێگری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16ی دەکرد بەو وڵاتە.

پێشتر تورکیا داواکارییەکی پێشکەش بە ئەمریکا کردبوو بۆ بەدەستهێنانی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتن بەرهەم هێنراون لەگەڵ چەندین ئامێری نوێکردنەوە بۆ ئەو فڕۆکانەی ئێستا بەکاریاندەهێنێت.

ئێستا بەئەندامبوونی فەرمی سوید بە ناتۆوە پەیوەستە بە هەنگاریا کە دواین ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە کە ئەو بڕیارە پەسەند ناکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا و ناتۆ رایانگەیاندووە، پێشبینی دەکەن هەنگاریا بە خێرایی هەنگاو بنێت لەو بارەیەوە بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی تورکیا.

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی روونکردنەوە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەدات

بابەتی دواتر

هونەرمەندێكی دیكەی موزسیان كۆچی دواییكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share