فازڵ نەبی: كێشەی ئێستای نێوان هەرێم و بەغداد زۆر زۆر ئاسانە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری بكەن

د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، لە بابەتی بودجەدا بەغداد دەیەوێت قەوارەی هەرێم بچووك بكاتەوە بە داخەوە برادەرانی ئێمەش سەركەوتوو نەبوون لە پرسی بودجەدا، ئێستاش كێشەكە لەوەدایە بەغداد دەیەوێت خۆی راستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بەڵام هەرێمیش دەڵێت، “دوای هەمواری یاسای بودجە دەبێت پارە بێتە هەرێم و خۆم مووچە دابەشبكەم، جا بەغداد ئێستا داوای وردەكاریی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دەكات نەك تەنها ناوەكان، بەڵام هەرێم رەنگە ئامادە نەبێت ئەوە بكات.

د. فازڵ نەبی كە قسەی بۆ دەنگی ئەمریكا كردووە وتیشی، “كێشەی ئێستای نێوان هەرێم و بەغداد زۆر زۆر ئاسانە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری بكەن، حكومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگای پێدانی مووچەی راستەوخۆ بە فەرمانبەرانی هەرێم دەسەڵاتی خۆی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، بەڵام مومكینە هەرێم قبووڵی نەكات كە عێراق راستەوخۆ مووچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێم چونكە ئەوە كاریگەری دەبێت لەسەر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم ئەگەر هاتوو مووچە راستەوخۆ لە بەغدادەوە خەرجبكرێت.
لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە راشیگەیاند “بۆ بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گوێم لە هەندێك لە سیاسییەكان دەبێت باسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەكەن وەك پێشتر كە دەفرۆشرا لە رێگای توركیاوە، جا لەمنی وەرگرن هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناكاتەوە.

دەشڵێت، “ئومێدەوارم كێشەی مووچە چارەسەرببێت چونكە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەبووە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران ئەگەر وەك ئەو چەند ڕۆژەی پێشوو گرفتی تر دروستنەكەن، ئەمە چارەسەردەبێت، بەڵام كێشەی بودجەی هەرێم و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم وا بە ئاسانی نابینم چارەسەربێت”.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایەخوارەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share