یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تاوتوێکران

وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبووەوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەخاتەڕوو.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2024، وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.

باس لەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغداد کرا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت، و تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، “هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوەو ئاماژە بەوەدرا ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە رێککەوتن و چارەسەر، هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی”.

وەزارەتەکە دەڵێت، “لە کۆبونەوەکەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو کە ئەم بابەتەش پێویستی بە رێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت”.

باس لەوەش دەکات، تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هاتۆتە بەردەمیان، و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، و بڕیار درا کە ئەم جۆرە کۆبونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئەمەش لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە رۆڵی گرنگی لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.

بابەتی پێشتر

بایدن داوا لە کۆنگرێس دەکات بە خێرایی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا پەسەند بکات

بابەتی دواتر

کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داھێنان دەستپێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share