قوباد تاڵەبانی: پێویستە حکومەت هاوکاری کەسانی داهێنەر بکات

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە رێکخستنەوەی ژێرخانی کار و بازرگانی لە هەرێم و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، راپۆرتی چۆنییەتی رێکخستنەوەی ژێرخانی کار و بازرگانی خرایەڕوو کە بە هاوکاری لەگەڵ چەند راوێژکارێکی هۆڵەندی و چەند رێکخراوێکی تایبەتمەندی بوارەکە ئامادەکرابوو، هاوکات لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە هەموو کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم کاری بازرگانی و وەبەرهێنان کرابوو.

باس لە پڕۆژەی ئەو گەنجە داهێنەرانەش کرابوو کە خوازیاری ژینگەیەکی لەبارترن لە رووی ئیداریی و یاسایی و ئابورییەوە بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرهێنان و بازرگانی بە ئاراستەی بوژاندنەوەی پڕۆژە مام ناوەندەکان و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

لە دوای گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، قوباد تاڵەبانی، جەختیلەوە کردەوە کە دەبێت هەموو دامودەزگاکانی حکومەت هاوکاری کارسازان و ئەو کەسانە بن کە بیرۆکەی داهێنەرانەیان هەیە لە بواری بازرگانیدا و هەموو جۆرە کارئاسانییەکیان پێشکەش بکەن تا خاوەنکارەکان بتوانن کۆمپانیا و کاری خۆیان بە ئاسانی دابمەزرێنن و هەلی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا چەندین بڕیار پەسەندکران لەبارەی چۆنییەتی کارئاسانیکردن بۆ بازرگانان و کارسازان و دامەزراندنی کۆمپانیای نوێ و ئاسانکردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی و داهێنەرانەن درا، هەروەها بڕیاردرا کە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی راسپاردە و بڕیارەکان.

لەلایەکیترەوە لەپێناو پێشخستنی کارسازی و داهێنان، لە کۆبونەوەکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپێردرا بابەتی کارسازیی و داهێنان بکرێتە پرۆگرامی خوێندن لە خوێندنی باڵادا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی پێنجشەمە کە دەکاتە 25ی کانوونی دووەمی 2024، یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ کارسازی و داهێنان لە سلێمانی بەڕێوەبچێت کە تێیدا ژمارەیەک بیرۆکەی نوێی کارسازی دەخرێنەڕوو و جێبەجێدەکرێن.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دوا هەڵویستی راگەیاند

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوا هەڵوێستی خۆی لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق…
Total
0
Share