سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی: پێویستە چاکسازی لە وەزارەتی تەندروستیدا بکرێت

سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییان سازکرد و رایانگەیاند، پێویستە چاوخشاندنەوەیەک بە وەزارەتی تەندروستیدا بکرێت و دەشڵێن، “داوامان کردووە، نەخۆشخانە تایبەتەکان میلاکیان بۆ دابنرێت و رێژەی پێویستی کارمەندی تەندروستی وەربگرن و مامەڵەی شیاویان لەگەڵدا بکرێت.”

هاوژین عوسمان سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی رایگەیاند، لە کەرتی تەندروستییدا غەدرێک بەرامبەر بە کارمەندانی تەندروستی دەبیندرێت، چونکە کۆی گشتی جومگە گرنگەکان لای پزیشە، هەر لە وەزیرەوە تاوەکو وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەیەری نەخۆشخانەکان هەمووی پزیشک دانراوە و لە کاتیکدا پزیشک نەیەوێت پۆستەکە وەربگرێت ئینجا بیر لەوە دەکرێتەوە بدرێت بە کارمەندێکی تەندروستی.

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی  باسی لەوەشکرد، پێویستە میکانیزمێک هەبێت لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کردنەوەی بەشە تەندروستییەکان، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا زیاتر لە 15 هەزار کارمەندی تەندروستی دانەمەزراو هەیە لە سلێمانیدا.

لەبارەی کەرتی تایبەتیشەوە باسی لەوەکرد، کەرتی تایبەت لە خزمەتی پزیشکەکاندایە و نەخۆشخانە تایبەتەکان هەموو ئاسانکارییەکیان کردووە بۆ ئەو پزیشکانەی نەشتەرگەرییەکان دەبەنە نەخۆشخانەکانیان و بە رێژە کاریان لەگەڵ دەکەن بەڵام بۆ کارمەندی تەندروستی مامەڵەیەکی نەشیاو هەیە و جاری وایە دوای دوو بۆ سی مانگ کارکردن بە کارمەندی تەندروستی وتراوە لە تێستدا دەرنەچوویت و دیناریک پارەی بۆ خەرجنەکراوە.

باسی لەوەشکرد، بریکاری وەزارەتی بەڵێنی پێداون، میلاک بۆ نەخۆشخانەکان دابنرێت و نەخۆشخانەیەک پێویستی بە 100 کارمەند بێت بۆی نەبێت بە کارمەندی کەمتر کارەکانی رایی بکات و کەمترین موچەی کارمەندانی تەندروستی 400 هەزار دینار بێت.

 

بابەتی پێشتر

حاکم والی ئێناخی گەڕایەوە ناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی دواتر

بە دوو بڕگە كێشەی مووچە و نەوت لە هەرێم چارەسەردەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share