بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە لە بەشێكی زۆری خوێندنگاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە قەزا و ناحیەكانەوە و ئەو خوێندنگایانەی بایكۆتیانكردبوو پرۆسەی خوێندن دەستپێدەكاتەوە بە تایبەت بۆ قۆناغەكانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی.
هەر لە زانیارییەكاندا هاتووە، پێشتر لە كۆی 219 خوێندنگە 151 خوێندنگەیان پرۆسەی خوێندنیان دەستپێكردبووەوە كە قۆناغی 12ی ئامادەییان هەبووە و بەپێی پلانێكی پەروەردەی سلێمانیش كە پێشتر ئامادەیكردووە رەزامەندی لەسەر دراوە كاتەكانی خوێندن درێژدەكرێتەوە.
پێشتریش عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاندبوو، لەم مانگەدا پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەكاتەوە و ماوەی خوێندن درێژدەكرێتەوە و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنیشدا بڕیار لە ساڵنامەی خوێندن دەدرێت.