تەندروستیی جیهانی داوای چارەسەری بەپەلەی قەیرانی تەندروستی لە سودان دەکات

لەگەڵ خراپتربوونی ململانێکانی سودان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە بۆ چارەسەری دۆخی تەندروستی و مرۆیی ئەو وڵاتە دەکات.

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەریی گشتیی ێکخراوەکە لە پلاتفۆرمی “X” رایگەیاند، پێویستە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی پەرەسەندنی ململانێکان لە سودان، کە قەیرانە مرۆیی و تەندروستییەکان بەرەو خراپتر دەڕۆن، لەگەڵ ئاوارەبوونی هەزاران کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن”.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە سودان شاهیدی شەڕێکی خوێناوی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە،بۆ دەربازبوون لە شەڕی خەرتوم، زیاتر لە نیو ملیۆن سودانی پەنایان بۆ ویلایەتی جەزیرە برد، بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێشڕەوییان کرد بۆ ئەم ویلایەتە و لە 15ی ئەم مانگەدا هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی واد مەدانی و زیاتر لە 300 هەزار کەسیان ناچار  بە هەڵاتن کرد.

تیدرۆس ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی لە هاوکارییە تەندروستییەکانیان بەردەوامن، بەتایبەتی لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی بەدخۆراکی، هاوکات داوای زیادکردنی پشتیوانی دارایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکانی، چونکە بە وتەی ئەو  70%ی دامەزراوە تەندروستییەکان بەهۆی ململانێکانەوە خزمەتگوزارییەکانیان راگرتووە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان،  لە سەرەتای شەڕ و ململانێکانەوە،لانیکەم 7.1 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.

بەپێی خەمڵاندنێکی رێکخراوی ناحکومی “ACLID” زیاتر لە 12 هەزار کەس لە شەڕەکەدا کوژراون.

بابەتی پێشتر

عێراق لە زۆری منداڵ خستنەوەدا لە پلەی دووەمدایە

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار روو لە دابەزینە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share