کازمی لەبارەی موچەوە دڵنیایی دەدات

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراقەوە دڵنیایی دەدات و ڕایدەگەیەنێت، چاکسازیان کردووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەگەڵ چاکسازییەکانیاندایە.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە شیکەرەوانی سیاسی و مامۆستای زانکۆ ئێوارەی ئەمڕۆ دووی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، ” حکومەتی عێراق لە شەش مانگی ڕابردوودا متمانەی گەڕاندووەتەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان و ئێستا پەیوەندی نێوان خەڵک و ئەو هێزانە زۆر باشترە، سوپاش لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ پاراستنی گەلەکەى لەدژی هەموو مەترسییەک.”

لەبارەی دۆخی ئابوری عێراقەوە کازمی ڕایگەیاند، ” ناهێڵین عێراق  مایەپوچ بێت و دەبێت ئەمساڵ ساڵی  ئاشکرابوونی ڕاستی گەورە بێت سەبارەت بە گەندەڵی.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند، ” بەشێک لە وڵاتانی جیهان ئامادەی پشتیوانی عێراقن و لەم ساڵانەی ڕابردوودا کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، پەروەردە و تەندروستی گەشەیان پێ نەدراوە و و وێران کراون.”

کازمی لە قسەکانیدا وتیشی، ” هەموو دراوسێکانمان هەوڵی پشتگیریکردنی هەستانەوەى عێراق دەدەن، هەمووان تێگەیشتوون کە هاوسەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە عێراقێکی بەهێز هەیە، بۆیە دوای شەش مانگ کارکردن ئێستا عێراق پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا هەیە”.

بە وتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، “گەندەڵی هەموو شتێکی گرتووەتەوە و سوتاندوویەتی، بۆیە قۆناغێکی قورسە لە سەردەمی کۆرۆنادا کارکردن، لەگەڵ بوونی ئەو گەندەڵییەی لە وڵاتدا هەیە”.

بابەتی پێشتر

ترەمپ بەر لە کوشتنی قاسم سولەیمانی چی بە عادل عەبدولمەهدی وتووە؟

بابەتی دواتر

کۆمپانیای سۆمۆ لەبارەی نەوتی هەرێمەوە ڕونکردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share