حکومەتی ئەنگۆلا کشانەوەی خۆی لە ئەندامێتیی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ئۆپێک راگەیاند و ودەڵێت، “ئەندامێتیمان لە بەرژەوەندی وڵاتەکەماندا نییە”.
دیمانتینۆ ئازێڤێدۆ، وەزیری نەوتی ئەنگۆلا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، “وڵاتەکەی رێکخراوی ئۆپیک بەجێدەهێڵێت چونکە ئەندامێتیی ئەنگۆلا لەو رێکخراوە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی ناکات”.
ئەنگۆلا لە ساڵی 2007 پەیوەندی بە ئۆپێکەوە کردووە و رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لە کاتێکدا کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی ئەندام دەگاتە 28 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
دوای ئەوەی ئەو وڵاتە بڕیاری کشانەوەی لەو رێکخراوە راگەیاند راستەوخۆ کاریگەری کردە سەر نرخی نەوت و نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی و بە 78.43 دۆلار بۆ بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.
پێشتریش نووسینگەی وەزیری نەوتی ئەنگۆلا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە بڕیارێکی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی بۆ ساڵی 2024 دەربڕی و جەختیان لەوەکردەوە وڵاتەکەیان لە ئامانجەکانی رێکخراوەکە بۆ ساڵی 2024 ناڕازییە و پلانی نییە پابەند بێت پێیەوە.