وۆڵ ستریت جۆرناڵ: واشنتۆن هۆشداریی توند دەداتە ئێران لە هەر کاردانەوەیەک لە یادی سلێمانیدا

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 30ی کانونی یەکەم بڵاویکردەوە کە واشنتۆن و بەغداد هۆشداری نوێییان داوەتە ئێران لە هەر کاردانەوە و هێرشێک بۆ سەر نوێنەرایەتیی و هێزەکانی ئەمریکا.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری جەنەراڵ فرانک ماکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویکردووەتەوە، “هەر کردەوەیەکی ئێران لە ساڵیادی قاسم سلێمانیدا وەڵامدانەوەی زۆر خێرای دەبێت لەلایەن ئەمریکاوە “.

ماکێنزی دەڵێت، “پێویستە هیچ لایەک تواناکانی ئێمە لە پاراستنی هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کەم سەیرنەکات، ئێمە بۆ هەر هێرشێک بڕیاری پێویست و وەڵامدانەوەی پێویستمان دەبێت”.

بانگەشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران بۆ توندوتیژی و هێرش کردنە سەر ئەمریکییەکان لە دوای 3ی کانونی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە زیادیکردووە، ئێستاش کە لەو بەروارە نزیکتر دەبینەوە کە تێیدا لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوژرا هەڕەشەکانی ئێران بۆ ئەمریکا زیاتر دەبێت.

هەروەها تۆڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند، پلانەکانی ئێران نیشاندەری نییەتی ئەو وڵاتەیە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ڕۆژهەڵەتی ناوەڕاستدا.

هەروەها بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بە کەناڵی CNNی ڕاگەیاندووە ئێمە نازانین ئەو ئامادەکاریانەی ئێران دەیکات بۆ هێرش کردنە یاخود بەرگری کردن.

ئێران و جیهان لە یادی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نزیکدەبێتەوە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی و هەڵوێستە سەربازییەکانیان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و لێدانی ئەمریکا دەکەن، لەگەڵئەوەشدا چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن لە ڕوودانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکادا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

 

بابەتی پێشتر

ئارتێتا لەبارەی گەڕانەوەی ئوزێل: پێویستە یاریزانەکە ئاگاداربکەینەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی ئاماری 24 کاتژمێری کۆرۆنای بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share