پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل و نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد تۆمەتبارێك دەستگیركرا و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، “هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە كەسێك ئۆتۆمبێلێكی لە نووسینگەی بەكرێدانی ئۆتۆمبێل بردووە و دواتر لەبری بڕەپارەیەك وەك (رەهن) لە شوێنێكی دیکە دایناوە و پارەكەی بردووە هەڵاتووە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل و نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت و ئۆتۆمبێلەكەش دەستی بەسەردابگیرێت”.
دەشڵێت، “ئێستا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە”.