شەوی یەڵدا (درێژترین شەوی ساڵ) دەكەوێتە كۆتا رۆژی وەرزی پایز و چوونە ناو یەكەم رۆژی زستانەوە، شەوی 20 لەسەر 21ی كانونی یەكەم، ئەو میللەتانەی مەراسیمی شەوی یەڵدا ئەنجامدەدەن پشت بە ئەفسانەی لەدایك بوون یان نوێ بوونەوەی خۆر دەبەستن.
شەوی یەڵدا یان شەوی (هەڵگەڕانەوەی زستان) و بە ئینگلیزی (Longest Night) ناسراوە، دەکاتە درێژترین شەو و کورتترین رۆژ لە جیهاندا، لە رووە زانستییەکەیەوە کاتێک روودەدات کە خۆر دەکەوێتە گەورەترین خاڵی سەر هێڵی ناوەڕاستی زەوی، بەپێی رۆژژمێری زایینی، شەوی یەڵدا لە نیوەی باکووری زەوی، لە نێوان 20 بۆ 23ی کانونی یەکەمی هەمو ساڵێک روودەدات و لە نیوەکەی باشووریش لەنێوان 20 بۆ 23ی حوزەیراندا روودەدات.
لە كەلتووری کوردیدا بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە و یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووییە کۆنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لەنێوان نەتەوەکانی هیند و ئاری نەتەوەکانی میزۆپۆتامیا.
لە دواین شەوی پایزدا لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، لەو شەوە بەدواوە شەو کورت دەبێت و رۆژ درێژدەبێتەوە، بەشێک لە شاعیرانی کورد و فارسیش ئاماژەیان بەو شەوە کردووە.
لەنێو شاعیرانی كورددا شیعرەكەی نالی دیارترینە:
شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەم شەو
كە دیدەم دور لە تۆ بێ نورە ئەمشەو؟
دڵم وەك حاكمی مەعزولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
هەندێك لە توێژەران بڕوایان وایە سەرەتای بۆنەی شەوی یەڵدا دەگەڕێتەوە بۆ سێ بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین و پێش ئاینی زەردەشت.
لەلای ئاینی زەردەشتی خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی وتن و ھەڵپەڕکێ شەونخونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون، ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە “مەیزەد” ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا “لۆرک”. لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی رووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێیدەوترا “نی یەد”. خەڵک کە بە ئاھەنگ گێران و شەونخونی شەوی یەڵدایان بەسەردەبرد.
شەوی یەڵدا بە یەكەم شەوی (چلەی گەورە) دادەنرێت، بەپێی سەرچاوەكان لە كوردستان دوو چلە هەیە، چلەی گەورە كە لە یەكەم رۆژی زستانەوە دەستپێدەكات، دوای تەواوبوونی ئەو چل رۆژە، (چلەی بچووك) دەستپێدەكات كە بە هەردووكیان دەكاتە 80 رۆژی تەواو.
واتای یەڵدا
بەپێی شارەزایانی زمان، وشەی (یەڵدا) لە زمانی سریانی دا واتە (لەدایكبوون) و بەپێی هەندێك لە سەرچاوە سریانیەكان (مەسیح) لەو شەوەدا لەدایكبووە. هەندێكی دیكە دەڵێن وشەی یەڵدا بەمانای (سەركەوتن)ی رۆژ دێت بەسەر تاریكیدا و بەشێكیش بە كودەتای سروشت ناویدێنن.. دەگوترێت لە ئاینی زەردەشتی دا كە بەمانای لەدایكبوونەوەی خۆر دێت- واتە لە دایكبوونەوەی –میترا-ی خواوەندەی خێرە و كۆتایی هاتنە بە ئەهریمەن (خواوەندی شەڕ و خراپە).
بۆچی وەكو جەژن سەیر دەكرێت؟
هەر لە سەردەمە كۆنەكانەوە كە خەڵكی لە ژیانێكی سروشتی و سەرەتاییدا بوون تائێستا سودی جۆراوجۆر لە خۆر بینراوە و زۆرینەی گەلانی پێشووش وەك گەرمكەرەوە و رووناكی بەخش لە خۆر-یان روانیوە و لەو روانگەیەشەوە هەندێكیان وایانزانیوە خۆر (خودایە) و پەرستویانە، هەربۆیە بەشێك لە هۆكاری بڵاوبوونەوەی زیندووڕاگرتنی شەوی یەڵدا پەیوەندی بە روانگەی ئاینیی مرۆڤ-ەوە هەیە و لەبەرئەوەی ماوەی دیارنەمانی خۆر زۆرترین كات بووە و لەدوای ئەو شەوەوە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت هەر بۆیە وەك بۆنە (جەژن)ێك وەریدەگرن.
لەئێستاشدا، ماوەی چەندین ساڵە شەووی یەڵدا لە ناوچە جیا جیاكانی كوردستان یاد دەكرێتەوە تا درانگانێكی شەو بەدەم گۆرانی و قسەو باس و خواردنەوە بەرێدەكرێت ئێرانی چەژنی سەركەوتنی رووناكی بەسەر تاریكیدا ساز دەكرێت.