كۆمسیۆن: هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئاسایی و دروست بەڕێوەدەچێت

بەرپرسێكی كۆمسیۆن دەڵێت، پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت، 24 كاتژمێر پاش كۆتاییهاتنی دەنگدان ئەنجامەكان دەخەنەڕوو.

داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێوشوێنەكان و راهێنان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئەرێنی و گونجاو و بێ هیچ پێشێلكارییەك بەڕێوەدەچێت، كامێراكانی چاودێری لە ناوەندەكانی دەنگدان دەتوانن تا چەند كاتژمێرێك بەبێ كارەبا كاربكەن.

وتیشی، “لە ساڵانی رابردوودا بەشداریی بەجۆش و كاریگەر رووینەداوە وەك ئەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا بینیمان” ئەوەشی وت، “ئەو دەنگدەرەی كارتی بایۆمەتری نەبێت، مافی دەنگدانی پێنادرێت”.

یاسای هەڵبژاردن كۆمسیۆنی پابەندكردووە بە راگەیاندنی ئەنجامەكان لە 24 كاتژمێردا پاش كۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و، كۆمسیۆن پابەندە بەو یاسایەوە، داود سەلمان وای وت.

كاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و موسڵ و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستیپێكرد.

بەپێی دوایین ئاماری كۆمسیۆن 16 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانەكەی ئەمڕۆدا هەیە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی کڕینی دەنگ لە دەنگدانی تایبەت کۆمسیۆن کاندیدێک دەردەکات

بابەتی دواتر

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداری دەنگدانی کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share