رەشنووسی رێككەوتنی ئاووهەوا داوای هەنگاو بەرەو وازهێنان لە وزەی بەردین دەكات

سەرۆكایەتیی ئیماراتی كۆنگرەی گۆڕانی ئاووهەوا رەشنووسێكی نوێی ئاشكراكرد كە تیایدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەكات “گۆڕانكاری” بەرەو وازهێنان لە وزەی بەردین بكەن بەمەبەستی گەیشتنە وازهێنان لە كاربۆن لە ساڵی 2050دا.

رەشنووسەكە، كە پاش چەندین گفتوگۆ و بە درێژایی شەو درێژەی كێشا، بۆ یەكەمجار لە مێژووی كۆنگرەكانی ئاووهەوای نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئاماژەدەدات بەوەی سەرجەم جۆرەكانی وزەی بەردین كە تا رادەیەكی زۆر بەرپرسن لە گۆڕانی ئاووهەوا، ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت بە سازان دەربچێت.

دەقەکە کە نوێنەرانی ئیمارات دانوستانیان لەسەر هەموو وشەیەکی کردووە، داوای “گواستنەوە لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین لە سیستەمی وزەدا دەکات، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و رێکوپێک، بە خێراکردنی کارکردن لەم دەیە چارەنووسسازەدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستبەرداربوون لە کاربۆن لە ساڵی 2050دا بەگوێرەی ئەوەی زانست پێشنیاری دەکات”.

ئەم داواكارییەی خێراكردنی كاركردن لە دەیەی ئێستادا خواستی یەكێتیی ئەوروپا و ژمارەیەك لە وڵاتانی دیكە بوو، بەڵام پرۆژەكە باس لە “وازهێنان” لە نەوت و غاز و خەڵوز ناكات، ئەوەی زیاتر لە 100 وڵات داوایكرد.

بۆ ئەوەی بچێتە مێژووەوە پێویستە نزیكەی 200 وڵات رەزامەندی بدەن لەسەر ئەو دەقە رێككەوتن لەسەركراوە، لە ئاكامی وتوێژی زۆری نێوان یەكێتیی ئەوروپا، وڵاتانی دورگە بچوكەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكان، چین و سعودیە.

بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەی گشی لە رۆژی دواتردا و بەپێی وادەی بڕیاردراو ئەنجامدەدەدرێت بۆ كۆتاییهێنان بە كۆنگرەی 28ی لایەنەكان (كۆب 28) بە سەرۆكایەتیی سوڵتان جابر-ی سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی ئیماراتی (ئەدنۆك).

دواتر، هەر وڵاتێك دەتوانێت ناڕەزایی لەسەر پشتبەستن بە هەر بڕیارێكی كۆنگرەی لایەنەكان دەرببڕێت، بەپێی سیستمی دەستەی ئاووهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان.

رۆژی دووشەممە رەشنووسی یەكەم كە بۆ رێككەوتن خرایەڕوو ناڕەزایەتی لێكەوتەوە بەهۆی ئەوەی داوای “وازهێنان”ی تیانەبوو لە سەرچاوەكانی وزەی ژەهراوی كە سووتاندنی لە سەدەی نۆزدەوە تا رادەیەكی زۆر بە بەرپرسی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان بە بڕی 1.2 پلەی سەدی دادەنرێت.

بۆیە نزیكەی 130 دەوڵەت كە لە نێوانیاندا یەكێتیی ئەوروپا، وڵاتە دورگەییەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەرازیل داوای داڕشتنی دەقێكی باشتریان دەكرد كە تیایدا پەیامێكی روون بنێرێت لەبارەی دەستكردن بە رێڕەوی وازهێنان لە وزەی بەردین.

بەڵام هەریەك لە سعودیە، كوەیت و عێراق هەر رێككەوتنێكیان رەتكردەوە كە زیانبێت بۆسەر نەوت و غاز.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک لە بارەی کارکردنی شەوانەوە هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

لە سلێمانی دوو کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share