کوڕەکەی بایدن بە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبارکرا

هانتەر، کوڕەتەمەن 53 ساڵانەکەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە خۆدزینەوە لە باج بە بڕی یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار تۆمەتبارکرا، لە کاتێکدا بە ملیۆنان دۆلار لە ژیانی تایبەتی خۆیدا خەرج دەکات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی تاوانکاری نوێی لە دژی هانتەر بایدن کوڕی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا تۆمارکرد و تۆمەتباری کرد بەوەی خۆی لە باجێک دزیوەتەوە کە بڕەکەی بە یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا کە بە ملیۆنان دۆلار لە ژیانی تایبەتی خۆیدا خەرج دەکات.

ئەوە دووەم جارە لەسەر ئاستی فیدراڵی تۆمەتبار دەکرێت، بەوەش  ئەو رەخنانەی پارتی کۆمارییەکان بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئاراستەیان کردبوو زیاددەکەن.

بەپێی ئەو تۆمەتانەی پێشکەش بە دادگای ناوچەی ئەمریکا کراوە لە ناوەندی ویلایەتی کالیفۆرنیا، هانتەر بایدنی 53 ساڵان رووبەڕووی 3 تۆمەتی تاوانکاری و 6 پێشێلکاری باج بووەتەوە.

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و پێدەچێت هانتەر بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێت.

هانتەر لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە پەیوەندییە سیاسییەکانی  بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت.

لەنێو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی هانتەر کراون خۆدزینەوەیەتی لە پێدانی یەک ملیۆن و 400  هەزار دۆلار لە باجی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2016 تا 2019.

جگە لەوەش، پارەیەکی زۆری خەرجکردووە لە ماددەی هۆشبەر، هاوڕێی کچ، تێچووی هۆتێل، موڵکی کرێ، ئۆتۆمبێل، جل و بەرگ و شتومەکی دیکە.

زیاتر لە 70 هەزار دۆلاری بۆ ماددە هۆشبەرەکان خەرج کردووە، هەروەها لە تۆمەتبارکردنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هانتەر “قازانجی باشی بەدەستهێناوە” لەکاتێکدا لە دەستەی بەڕێوەبەری گروپی پیشەسازی ئۆکراینی  و سندوقی وەبەرهێنانی تایبەتی چینیدا کاریکردووە.

داواکاریی گشتی رایانگەیاندووە، لە ساڵی 2016 تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020، داهاتەکەی 7 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.

پەیوەندییەکانی هانتەر بایدن لەگەڵ کۆمپانیای بۆریسمای ئۆکراینی ساڵانێکە جێگەی رەخنەی یاسادانەرانی کۆمارییەکان بووە، کە تۆمەتباریان کردووە بەوەی سەرمایەگوزاری لە ناوی خێزانەکەی کردووە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات قازانج بکات.

لیستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ساڵی 2018دا، هانتەر بایدن زیاتر لە یەک ملیۆن و 800هەزار دۆلاری خەرجکردووە، کە نزیکەی 772 هەزار دۆلاری وەک پارەی نەختینەیی، نزیکەی 383 هەزار دۆلاری بۆ ژنان و نزیکەی 151هەزار دۆلاری بۆ کڕینی جلوبەرگ و زێڕ خەرجکردووە.

لە تۆمەتبارکردنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تۆمەتبار هیچ کام لەو پارانەی بۆ دانەوەی باجەکانی لە ساڵی 2018دا بەکارنەهێناوە.

لەو بارەیەوە تاکو ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی نەداوە و دیار نییە کەی هانتەر بایدن لە دادگا ئامادە دەبێت.

هەڵگرتنی چەکی نایاسایی یەکێکی دیکەیە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی هانتەر کراون، کە رەنگە ساڵی داهاتوو دووجار دادگایی بکرێت، لە کاتێکدا باوکی هەوڵی بردنەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەدات.

بابەتی پێشتر

خواردنە پڕ چەورییەكان هۆكاری سەرەكیی شێرپەنجەن

بابەتی دواتر

ئۆستن بۆ سودانی: مافی وەڵامدانەوەی هێرشەكانمان هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share