کۆرۆنا لە ساڵی 2020 دا چی بەسەر هاوڵاتییانی هەرێمدا هێنا؟

هەر لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دڵەڕاوکێدابوون کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە و بەهۆی تازەی ڤایرۆسەکەشەوە زانیاری تەواو و چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکان نەبوو، ئەمە دڵەڕاوکێکەی گەورەتر کردبوو.

لەمانگی شوباتدا دڵەڕاوکێی هاوڵاتییانی هەرێم زیاتر بوو، کاتێک لە 19 ی ئەو مانگەدا واتە 19 ی2 ی2020  یەکەمین حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای قومی ئێران تۆمارکرا، ئەمە ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی قورسترکرد، بەوەی کۆرۆنا گەیشتووەتە وڵاتێکی دراوسێ.

ڕۆژێک دوای ئەوە واتە لە 20 ی شوباتی 2020 دا وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، داوایەکی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆکرد کە خاڵە سنورییەکان بەسەر ئێراندا دابخرێت و ئەو هاوڵاتییانەش دەگەڕێنەوە بۆ ماوەیەک کەرەنتینە بکرێن.

داخستنی خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بەردەوامبوو تەنها جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا هەبوو، بەڵام ٤ی ئازار2020   دڵەڕاوکێی هاوڵاتییانی هەرێم و خەڵکی سلێمانی بەتایبەت و تەندروستی زیاتر بوو کاتێک وابڵاوکرایەوە کە مامۆستایەکی ئاینی تەمەن 63 ساڵ لە سلێمانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لە دەستداوە.

ئەوە یەکەمین مردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم پشتڕاستی کردبوویەوە.

لەدوای مردنی ئەو هاوڵاتییە تەمەن 63 ساڵە کە تەندروستیی سلێمانیش پشتڕاستیکردبوویەوە کە نەخۆشی دیکەی لەگەڵدا بووە، تەندروستی هەوڵیدا سەرچاوەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە کەرەنتینەکردن کۆنترۆڵبکات، بەڵام دوای مانگێک سەرچاوەی یەکەمی بڵاوبوونەوە ونبوو و ئیتر حاڵەتەکانی ڤایرسەکە لە هەموو شوێنێکەوە دەرکەوتن.

ساڵی ڕابردوو ساڵی بڵاوبوونەوە و توشبوون و مردنی خەڵکی هەرێم بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جۆرێک لە ساڵی 2020 دا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 384  کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا.

لەو ژمارەیە پشکی شێر لە مردن و لە حاڵەتەکانی توشبوون بەر سلێمانی کەوت و 39 هەزار و 876  کەس وەک هەڵگری ڤایرۆسەکە لە تەواوی ئەو ساڵەدا تۆمارکران و هەزار و 651 کەسیش بە هەمان ڤایرۆس گیانیان لە دەستدا.

بەهان شێوە ئاماری پارێزگاکانی دیکەی هەرێم نزیکە لە سلێمانی و بەجۆرێک لەماوەی ساڵی ڕابردوو لە هەولێر 36 هەزار و 276 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و 908  کەسیش بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا.

ئەگەرچی لەسەرەتاوە پارێزگای دهۆک تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تێدا هێورتر بوو، بەڵام لە سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا ڤایرۆسەکە بە قورسی بڵاوبوویەوە و ژمارەی کۆی توشبووانی گەیاندە 34  هەزار و 125 کەس و مردنیش 682 کەس.

ئەگەرچی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە زۆربوو، بەڵام مردن بەبەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەدا کەمبوو، بە جۆرێک لە کۆی 30  هەزار و 98 کەس 143 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا.

لە ماوەی 9 مانگی ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان 103 هەزار و 375  کەس وەک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکران و سێ هەزار و 348  کەسیش لەماوەی ساڵی 2020 دا بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا.

بابەتی پێشتر

وێنە.. پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە جیهاندا

بابەتی دواتر

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی یەکەمین ڤاکسینی دژی کۆرۆنا پەسەندکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share