سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكاتەوە و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبنەوە و دەشڵێت، “چاوەڕواندەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەكە رەوانەبكرێت”.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئیرادەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد هەیە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغداد بكاتەوە و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبنەوە و چەند پرسێكی نێوان هەردوولا تاوتوێدەكرێن.
لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەكەوە، فارس عیسا وتیشی، “سەرجەم رێكارەكانی تایبەت بە ناردنی 700 ملیار دینارەكە بە كۆتاهاتوون و چاوەڕواندەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەكە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت”.