وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نرخی گەشتی عومرە دابەزیوە و نرخەكەی لە نێوان 475 بۆ 500 دۆلاردایە و دەشڵێت، “چاوەڕواندەكرێت نرخی گەشتی عومرە دابەزینی زیاتر بەخۆوە ببینێت”.
كاروان ستوونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف ئاسانكارییەكان بۆ دامەزراندنی كۆمپانیاكانی تایبەت بە حەج و عومرە كردووە و ژمارەی کۆمپانیاکان زیادیانکردووە و ئەوەش وایكردووە نرخی گەشتی عومرە دابەزین بەخۆوە ببینێت و نرخی عومرە لە نێوان 475 بۆ 500 دۆلاردایە بۆ ئەو كەسانەی كە ڤیزای ساڵانەیان هەیە و ئەگەر ئەو ڤیزایەشیان نەبوو نرخەكەی لە 500 دۆلاردایە و بە كردنەوەی رێگای وشكانی چاوەرواندەكرێت نرخی گەشتی عومرە دابەزینی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
راشیگەیاند، شێوازی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و شوێنی مانەوەش كاریگەری لەسەر نرخەكەی دەبێت و گۆڕانكاری تێدادەكات، بەڵام بە بەراورد بە دوو مانگی رابردوو نرخی گەشتی عومرە دابەزینی بەخۆوە بینیوە.