بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە كاریگەری بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو ئاستی ئاو لە بەنداوە بچووكەكانی هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە.
رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بە كاریگەری بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو ئاستی ئاو لە بەنداوە بچووكەكانی هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە و داهاتی ئاو زیادیكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پێویستیی هاوڵاتییان و كارەبا ئاو بەردەدرێتەوە.
وتیشی، “بە شێوەیەكی گشتی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو بۆ بەرهەمی جوتیاران سوودی هەبووە، لە هەمانكاتدا سێ ساڵی رابردوو وشكەساڵی بووە و بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو وشكەساڵییە پێویستمان بە بارانی زیاترە هەرچەندە تێكڕای بارانبارین لە ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بووە”.