دوایین زانیاری لەبارەی سێ مووچەی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم

شاندی هەرێم چەند داواكارییەكی رووبەڕووی محەمەد شیاع سودانی كردووەتەوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری لەسەر بدرێت.

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدادی كرد و چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا، شاندەكە داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە رۆڵی خۆی بگێرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچە لە هەرێم.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، شاندەكە داوایكردووە یان بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رەوانەبكات، یاخود بڕیاربدات لەسەر ناردنی مووچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم، تشرینی دووەم و كانونی یەكەم.

بەپێی وتەی سەرچاوەكە، سودانی لارینەبوونی خۆی لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەر مانگێك لەو مانگانە نیشانداوە، ئەو داواكارییەش وەك پێشنیار دەباتە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی تاوتوێكردن و دەنگدان لەسەری.

شاندەكەی هەرێم جەختیان لەوەش كردووەتەوە كە هەرێم پابەندبوونی تەواوەتی بە یاسای بودجەی گشتیی عێراق كردووە، لە بەرامبەریشدا پێویستە حكومەتی ناوەند كۆتایی بە گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بهێنێت، وەك ئەوەی سەرچاوەكە ئاماژەی پێدا.

دوێنێ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن و وتی، “بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە رێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغداد دروست ببێت کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغداد بکرێت”.

رۆژی سێشەممەش عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە پەیامێكدا لە تۆڕی (X) پشتیوانیی خۆی بۆ مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند و وتی، “لە نزیکەوە چاودێریی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی دەکەین”.

داواشی لە حکومەتی ھەرێم كرد شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات.

حەكیم داواشی لە حكومەتی ناوەند كرد ھەوڵەکانی بۆ پشتیوانی داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوام بێت و، بەھاوبەشی لەگەڵ ھەرێم چاودێریی دابینکردنی ماف و شایستەکانیان بکات.

داواكارییەكان هاوكاتە لەگەڵ ئەو بایكۆت و خۆپیشاندانانەی مامۆستایان، وانەبێژ و فەرمانبەران لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و ناوچەكانی دەوروبەر ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامن لەسەری.

بابەتی پێشتر

راپۆرتێک: بەهۆی لەناوچوونی سامانی ماسییەوە ساڵانە 400 ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق دەگات

بابەتی دواتر

بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی حەلبوسی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە زاری وەزیرێك و میدیای پارتییەوە.. یەكەم دەرئەنجامی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا ئاشكرادەكرێت

پەیامی شارەزایەكی تەندروستی دەربارەی ئامادەیی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تەندروستیی هەرێم، لەلایەن وەزیرێكی پارتی و میدیای فەرمییانەوە وەك…
Total
0
Share