برایەکی شاسوار عەبدولواحید بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت

بە تۆمەتی ساختەکردنی چەكی بانك و بردنی پارەی خەڵك، برایەکی شاسوار عەبدولواحید بە چوارساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت.

دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد لە ناوچەی رەسافە، رۆژی 19ی ئەم مانگە لە دانیشتنێكدا سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ نزار عەبدلواحید قادر برای شاسوار عەبدلواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەركرد.

نزار عەبدلواحید، دوو سزای یەك بەدوای یەكی لەسەرە، هەریەكەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە تاوانی ساختەکاریی و بەكارهێنانی چەكی بانكی بێ رەسید و بەپێی بڕگەی یەكی ماددەی 459 سزاكەی بەسەردا سەپێندراوە.

چەند هاووڵاتییەك كە بەشدارییان لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە بەغدا كردووە و پارەیەكی زۆریان لێ وەرگیراوە، دواتر پڕۆژەكە فرۆشراوەتەوە و لەبری یەكەی نیشتەجێبوون چەكی بانكی بێ رەسیدیان پێ دراوە و ئەو هاوڵاتییانە سکاڵایان لەسەر نزار عەبدولواحید تۆمارکردووە.

نزار عەبدولواحید پێشتر لە بەغداد سەرپەرشتی كۆمپانیاو پڕۆژەكانی شاسواری برای دەكرد، پاش تۆماركردنی چەند سكاڵایەك لەسەری لەبەغداد هەڵهات و شوێنی نیشتەجێبوونی نادیارە، هەربۆیە ئێستا لەنەبوونی خۆیدا ئەو سزای چوار ساڵ زیندانییەی بۆ دەرکراوە.

 

بابەتی پێشتر

دوبەی میوانداری کۆنفڕانسی وەبەرهێنانی عێراق دەکات

بابەتی دواتر

وەزارەتی کارەبا: تا کۆتایی ئەم مانگە کەمبوونەوەی کارەبا بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share