كازمی باس لە هۆكاری هەرەسهێنانی سوپاكان دەكات

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، “ساڵی 2021 لەڕووی ئاسایش و ئارامییەوە باشتر دەبێت.”

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم بەشداری لە “کۆنگرەی ساڵانەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان”دا كرد و لە وتارێكدا وتی، “ساڵی 2020 ساڵی سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش و داخستنی دەروازەكانی گەشەكردنی و بڕینی ڕێگەی هەوڵە قێزەونەكانی بوو، ساڵی 2021ـیش ساڵی پابەندبوون و لایەنگریی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەوڵەت دەبێت، بۆیە لە پێگەیاندنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکاندا کار لەسەر ئەو باوەڕ و بنەمایە دەکەین.”

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، كازمی بە پێویستی زانیوە هەوڵە هەواڵگیرییەكان بەهێزتر بكرێن لەپێناو لەناوبردنی تیرۆر و تاوان و پێیوابووە كە هێشتا ئاستەنگییەکانی دۆخی ئەمنی بەردەوامییان هەیە، لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەرەوەی یاسا و دەوڵەت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە كۆنگرەكەدا ڕایگەیاندووە، “نابێت ناکۆکی و کاری تاكەكەسی و خۆبەخۆ ببێتە هۆی پەرتكردنی ڕیزی هێزە ئەمنییەكان و دەبێت هەمووان پابەندی ئەو کارنامەیەبن کە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دایڕشتووە، چونكە هەموو هەرەسهێنانی سوپاكانی جیهان، بەهۆی پەرتەوازەییەوە بوون.”

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەخەتە، كازمی وتویەتی، “ئەركی پاراستنی هەڵبژاردنمان لەبەردەمدایە و دەبێت هەمووان لە ئێستاوە كاربكەن بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەكی ئارام بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2021.”

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمشەو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پارێزگاكان رادەگەیەنرێت

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، ئەمشەو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پارێزگاكان رادەگەیەنرێت. ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە،…
Total
0
Share